دیمەنی تۆمەتبارێک و ئۆتۆمبیلەکەی.وێنە.پۆلیسی راپەڕین
دوای ئەوەی دزییەکەی کردووە ماڵ و باخەکەشی سووتاندووە
964+
توانا نەقی
تۆمەتبارێک بە تۆمەتی دزیکردن و سووتاندنی ئەو باخ و ماڵەی دزییەکەی لێ کردووە دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ یەکشممە، پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، هاوڵاتییەک لە بنکەی پۆلیسی حاجیاوا سکاڵای کردووە، بە وتەی ئەو دوای ئەوەی لە باخەکەی دزی لێکراوە تۆمەتبارەکە هەستاوە بە دزینی هاردی کامێرای چاودێری و هەروەها سووتاندنی ناوماڵەکەی و باخەکەی.
دەشڵێت، شەوی رابردوو چەند بازگەیەکی کاتییان لە سنووری راپەڕین داناوە، تۆمەتبارەکە بە ئۆتۆمبێلێکەوە لە بازگەکانی نێوان رانیە – چوارقوڕنە دەستگیرکراوە.
پۆلیس دەڵێت: تۆمەتبارەکە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا ئۆتۆمبێلی خۆی بەکارهێناوە بۆیە دەستگیراوە بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا.
دواتر ماڵی تۆمەتبار پشکێنراوە توانراوە دەست بگیرێت بەسەر چەند کەلوپەلێکی دزیدا.
تۆمەتبار (ع، م، م) تەمەن 41 ساڵ، بە بڕیاری دادوەر بە پێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.