به په‌له بۆ وه‌زیره‌كانی كورد له به‌غدا
داوا ده‌كرێت سه‌ربازگه كۆنه‌كه‌ى تۆبزاوه نه‌كرێته‌وه به سه‌ربازگه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
نزیكه‌ی 50 چالاكوانان و نووسه‌ران و رێكخراوه‌كانی بواری جینۆساید، داوا ده‌كه‌ن سه‌ربازگه كۆنه‌كه‌ى تۆبزاوه سه‌ر له‌نوێ نه‌كرێته‌وه به سه‌ربازگه، چونكه ده‌ڵێن یاده‌وه‌رى تاڵى ئه‌نفالى تێداچه‌و پێویسته بپارێزرێت.
دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان جوتیارانی کورد و تورکمان گردبوونەوە
سه‌ربازگه‌ی تۆپزاوه كه‌وتووه‌ته خوارووی كه‌ركوك و له‌ساڵانى هه‌شتاكاندا له‌لایه‌ن حكومه‌تى پێشووى عێراقه‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆرى خه‌ڵكی كوردى تێدا ئه‌نفال كراوه.
چالاكوانان و نووسه‌ران رووی ره‌خنه‌یان ئاڕاسته‌ى وه‌زیره كورده‌كانه له به‌غدا و ده‌ڵێن “به‌رپرسیارێتی مێژوویی پاراستنی سه‌ربازگه‌ی تۆپزاوه وه‌ك یاده‌وه‌رییه‌كی تاڵی تاوانی ئه‌نفال، ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی ئێوه و داوا ده‌كه‌ین، بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بۆ ده‌ربكرێت كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و شوێنه نه‌كرێته‌وه سه‌ربازگه”.
به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ى كه چالاكوانان بڵاویان كردووه‌ته‌وه، هه‌ریه‌ك له فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، د. خالید شوانی وه‌زیری داد، به‌نگین رێكانی وه‌زیری شاره‌وانی و ئاوه‌دانكردنه‌وه، نزار ئامێدی وه‌زیری ژینگه‌ی عێراق، له‌ناو ئه‌و وه‌زیره كوردانه‌ن كه ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌یان رووبه‌رۆِوو كراوه‌ته‌وه.
ده‌شڵێن “ده‌بوایه هه‌ر له دوای ساڵی 2003ـه‌وه، سه‌ربازگه‌ی تۆپزاوه بكرایه به مۆنۆمێنتێكی شایسته به قوربانیانی جینۆساید و ته‌واوی دۆكۆمێنت و به‌ڵگه‌كانی تاوانی ئه‌نفالی تێیدا بخرایه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی بێباكی و كه‌مته‌رخه‌می حكومڕانانی كورد، ئه‌و شوێنه گرنگه په‌راوێزخرا”.
ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردوه “ماوه‌ی سێ ساڵه، وه‌زاره‌تی به‌رگری و سوپای عێراق، چاوی ته‌ماعی بڕیوه‌ته سه‌ر ئه‌و سه‌ربازگه‌یه و بێ ره‌چاوكردنی باری ده‌روونی كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفالكراوان، ده‌یه‌وێت جارێكی ئه‌و شوێنه بكاته‌وه سه‌ربازگه و سوپای تێیدا جێگیری بكاته‌وه”.
له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2021 وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق هه‌وڵیدا سوپاكه‌ى له‌و سه‌ربازگه‌یه جێگیر بكاته‌وه و جاری دووه‌میشیان دوو هه‌فته له‌مه‌به‌ر بوو، كه سه‌رله‌نوێ ئه‌و پرسه سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كان كه ئه‌و چالاكوانانه بڵاویان كردووه‌ته‌وه، ئه‌و زه‌ویانه‌ی سه‌ربازگه‌كه‌ى له‌سه‌ر دروستكراوه موڵكی جوتیارانی كوردن و له ساڵی هه‌شتاكان به بڕیاری (مجلس قیاده الپوره)ـی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی رژێمی به‌عس، به زۆر خاوه‌دارێتی زه‌وییه‌كان له جوتیارانی كورد سه‌ندراوه‌نه‌ته‌وه و كراون به موڵكی ده‌وڵه‌ت.