130 کیلۆ مەتر چوار گۆشەیە
هێندەی نەماوە گەورەترین پارکی شوێنەواری لە دهۆک تەواو بێت
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
بەڕێوەبەرایەتی شوینەواری دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی ئودینەی ئیتاڵی بۆ ماوەی سێ ساڵ دەستیکردووە بە هەڵکەندن لە گەورەترین پارکی شوێنەواری لە فایدەی سەر بە قەزای سێمێل.
ئەو پارکە گەورەترین و یەکەمین پارکی شوێنەوارییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای دهۆک، رووبەرەکەی 130 کیلۆمەتری چوار گوشەیە، لە ساڵی 2022 بە تێچووی 525 هەزار یۆرۆ دەست بە دروستکردنی کراوە، دوای تەواو کردنی خەڵک لەگەڵ ئەوەی کات لەو پارکە بەسەر دەبەن، هاوکات سەردانی دەیان شوێنی شوێنەواری دەکەن.
قۆناغی یەکەمی پارکەکە لە پێنج قوتابخانەی شوێنەواری پێکدێت، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی دەوڵەتی ئیتاڵیا و زانکۆی ئودین بەڕێوەدەبرێن.
بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک بە 964ـی وت، “بۆ ماوەی سێ ساڵە تیمەکانمان بە هاوکاری زانکۆی ئودینە کاری هەڵکەندن لە فایدی دەکەن، خەریکی پشکنین و لێکۆلینەوەن”.
بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک ئەوەشی وت، سەرجەم لێکۆڵینەوەکانیان تیمەکەمان کەنالێک و 13 نەخشەی هەڵکۆڵدراویان دۆزیوەتەوە.
لە پارێزگای دهۆک تا ئێستا دوو هەزار و 221 ناوچەی شوێنەواری تۆمارکراون، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری زانکۆی ئودینەی ئیتاڵیا بری سێ ملیۆن و 133 هەزار یۆرۆی بۆ کارەکانی هەڵکەندن و نۆژەنکردنەوە لەشوێنەوارەکانی پارێزگای دهۆک بەخشییوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی