باخەوانەکانی گردەگۆزینە قەرەبوو رەتدەکەنەوە

هونەر فارس – گەرمیان

ژمارەیەک لە باخەکانی گردەگۆزینە دەکرێن بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون، بەڵام باخەوانەکان ناڕازین و رەتیدەکەنەوە، لەبەرامبەر چۆڵکردنی قەرەبوو لە کۆمپانیای جێبەجێکار وەربگرن.

لەو رووبەرەی کە یەکە نیشتەجێبووەکەی لێ دروستدەکرێت، 123 باخەوان، هەنار، هەنجیر، ترێ، هەرمێ و لیمۆ و چەند جۆرێكی دیکەی میوە بەرهەمدەهێنن، بەڵام، زەوی خاوەن باخەکان موڵکی وەزارەتی کشتوکاڵە و بەپێی گرێبەستێک پێیان دراوە، کە لەساڵی 2012-وە کۆتایی هاتووە.

ئەمرۆ شەممە 9.9.2023، یەحیا محەمەد نوێنەری باخەوانەکانی شارەدێی گردەگۆزینە بۆ 964 وتی، “چەند جارێک کۆمپانیاکە هاتووەتە لامان و داوای رێککەوتنی لەگەڵ کردووین، بەڵام ئێمە قەرەبوومان ناوێ و باخەکانمان چۆڵ ناکەین”.

نوێنەری باخەوانەکان وتیشی، “زیاتر لە 50 ساڵە ئەو زەوییانە، لە باب و باپیرانمانەوە بووە بە سەرچاوەی بژێوی بەشێکی زۆری دانیشتوانی گردەگۆزینە و سەوزە و میوەی تێیدا بەرهەمدەهێنرێت”.

بۆ بەدواداچوون لە بارەی داواکاری باخەوانەکان، 964 پەیوەندی بە کەمال عەلی سەرۆکی شارەوانی گردەگۆزینەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکەی بەردەست نەبوو.

شارەدێی گردەگۆزینەی سەر بە قەزای کەلار، لە دوو هەزار و 500 ماڵ پێکهاتووە، بەشی سەرەکی دانیشتوانەکەی بە باخداری و کشتوکاڵەوە خەریکن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا