لە ئێران کێشە بۆ چاپکردنی رۆمانی داگیرکردنی تاریکی بەختیار عەلی دروست دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
وەرگێڕی رۆمانی داگیرکردنی تاریکی بەختیار عەلی بۆ سەر زمانی فارسی دەڵێت، لە ئێران بیانوویان پێدەگرن و ناهێڵن کتێبەکە چاپ ببێت.
بڕیار بوو رۆمانەکە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکەرەوەی سالسەوە بڵاوبکرێتەوە، کە سەرجەم کتێبەکانی تری ئەو نووسەرەی بڵاوکردووەتەوە.
مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی رێگەپێدراوی بەرهەمەکانی بەختیار عەلی بۆ سەر زمانی فارسی بە 964ـی راگەیاند، وەک ناوەڕۆک زیاتر لە ساڵێکە مۆڵەتی هەیە، بەڵام بیانووی بەرگیان پێدەگرن و شەش مانگە چەندان بەرگی رۆمانەکەیان گۆڕیوە و دەزگای سانسۆری ئێران قبووڵی ناکات.
وتیشی، “دەزگای چاپەکە و منیش بێزار بووین و ئێستا ئەوەندە تێچووی زۆر بووە چاپ ببێت دەبێت هەر کتێبێک بە 700 هەزار تمەن بفرۆشرێت و ئەوەش بۆ وڵاتێکی وەک ئێران نرخێکی زۆر بەرزە و ناکڕدرێت”.
رۆمانی داگیکردنی تاریکی ساڵی 2020 بە زمانی کوردی بڵاوبووەوە. ناوەڕۆکەکەی گەشتێکی درێژە بە مێژووی نوێی تورکیادا و راوەستانە لەسەر رووی تاریک و خوێناوی ئەو مێژووەدا.