ئاگرەکەی چیای خۆشک کۆنترۆڵ کرا
+964
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەو ئاگرەی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە چیای خۆشک لە ناحیەی مەیدان کەوتەوە، دوای نزیکەی چوار کاتژمێر کۆنترۆڵ کرا.
نزیک کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ، بەھۆی ئەوەی بەرازێک قاچی کەوتبووە سەر مینێک و تەقییەو، ئاگرەکە هەڵگیرسا.
عەزیز محەمەد بەڕێوەبەری بنکەی ئاگرکوژێنەوەی ناحیەی مەیدان بە964ى وت، “ئاگرەکە کەمێک پێش ئێستا بە ھاوکاری تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی بەمۆ و دانیشتووانی سنوورەکە کۆنترۆڵ کرا.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەھۆی ئەوەی رێگای ئۆتۆمبێل نەبووە و شاخەکە مینی تێدابووە، بۆیە نەیانتوانیوە بە زوویی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، چەندین مینیش لە کاتی ئاگرەکەدا تەقیونەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا