وێنەی تۆمەتبارەکە و ئەو ئۆتۆمبێل و پارەیەی پێوەی گیراوە - وێنە: پۆلیسی سلێمانی
سێ دەفتەر دۆلاری دزی و دەستگیر کرا
964+
پێشەوا محەمەد
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێک رادەگەیەنێت، کە 30 هەزار دۆلاری لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دزیبوو.
بەڕێوەبەرایەتییەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 6.9.2023 بڵاویکردووەتەوە، پۆلیس لەسەر سکاڵای هاوڵاتیەک بەدواداچوونی کردووە و تۆمەتبار دەستگیر کراوە و سەیارەیەک و بڕێک لەو پارەیەش کە بردبووی پێوەی گیراوە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ـی وت، “رووداوەکە لە نزیک نەخۆشخانەی شار بووە، کەسێک چووەتە نەخۆشخانەکە و ئۆتۆمبێلەکەی راگرتووە و ئەویش چووە جامی ئۆتۆمبێلەکەی شکاندووە پارەکەی لە داشبڵی ئۆتۆمبێلەکە دەرهێناوە”.
وتیشی، “ئەو ئۆتۆمبێلەی پێوەی گیراوە هی تۆمەتبار خۆی بووە”.
ئەو کەسە بە پێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامی هەیە.
“تۆمەتبارەکە پێشینەی تاوانیشی هەیە”، وتەبێژەکەی پۆلیسی سلێمانی وادەڵێت.
مادەی 446ـی یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە تاوانی دزیکردن، کە سزاکەی بەندکردنە بە مەرجێک لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت.