لەهەولێر نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتی ناویان لە پسولەی بەشەخۆراکی مانگانە تۆمارکراوە

964+

فەهمی نەبی

بەگوێرەی دواین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پسولەی خۆراکی هەولێر، ئەوانەی ناویان لە پسولەی بەشەخۆراکی هەولێر تۆمارکراوە، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 959 هەزار و 486 هاوڵاتی بەراورد بە چوار مانگی پێش خۆی سێ هەزار و 36 کەس زیادیکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی پسولەی خۆراکی هەولێر دواین ئاماری نوێکراوەی مانگی 9ی رایگەیاند، ئامارەکە دەریدەخات لە هەولێر 488 هەزار و 866 هەزار خێزان ناویان تۆمارکراوە، ئەمەش بەراورد بە چوار مانگی رابردوو 928 خێزان لەنوێ ناویان تۆمارکراوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارە بێت، تا شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، هەزار و 850 منداڵ ناویان تۆمارکراوە، بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسولەی خۆراک دەڵێت، دوای تەمەنی یەک ساڵی ئینجا وەک منداڵ ناو تۆماردەکرێت.

سیامەند قادر بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراک لەهەولێر بۆ 964 وتی، چەند مانگێکە بەهۆی گۆڕینی سیستمی پسولەی خۆراک لە کاغەزەوە بۆ کارتی ئەلیکترۆنی تۆمارکردنی ناوی منداڵ وەستاوە، داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە تۆمارکردنی ناوی منداڵ دەستپێبکاتەوە لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆری منداڵ ناویان تۆمار نەکراوە.

سەبارەت بە کارتی ئەلیکترۆنی خۆراک، سیامەند قادر دەڵێت، ئێستا سەرەی شاری بەسرەیە دوای ئەوان شاری موسڵ ئینجا هەولێر و سلێمانی دەبێت.