توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە هەڵەبجە زیادیكردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

نوسینگه‌ى مافى مرۆڤ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، نیگه‌رانه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌ سنووره‌كه‌یاندا و هۆكاره‌كه‌شی بۆ چه‌ند لایه‌نێك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ بوونى دیارده‌ى چه‌كه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵك.

به‌پێی ئامارێك كه‌ بۆ هه‌شت مانگى رابردووى ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە پارێزگای ھەڵەبجە بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى تووندوتیژیه‌كان له‌ سنوورى ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌كات، ده‌ڵێت “بەراورد بە هه‌شت مانگى ساڵی رابردوو توندوتیژییه‌كان بە رێژەیی 11%  بەرزبووەتەوە”.

ئه‌گه‌رچى ئه‌و به‌ڕێوه‌برایه‌تییه‌ هیچ ژماره‌یه‌كی بۆ حاڵه‌ته‌كانى تووندوتیژییه‌كان بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ جۆری توندوتیژییەکان، بە پلەی یەک “هەڕەشکردن” پاشان توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی “لێدان” دێن.

گوڵستان ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە ھەڵەبجە، به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى توندوتیژییه‌كانى دژ به‌ ژنان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ى بۆ 964 پشتڕستكرده‌وه‌ و هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکانیشی گەڕاندەوە بۆ بەربڵاویی چەکی بێ مۆڵەت لە دەستی خەڵک.

وتیشی “چه‌ندین ساڵه‌ شانازیمان به‌وه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پاكترین شوێنى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ بابه‌تى تووندوتیژى و كوشتن، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌نانه‌ت تاكو مانگى ئابی ئه‌مساڵ دوو حاڵه‌تى كوشتن و یه‌ك حاڵه‌تى خۆكوشتنیش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ روویانداوه‌”.

گوڵستان، ره‌خنه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌گرێت كه‌ ئاڕاسته‌ى كاركردنى به‌ره‌و سه‌ربازی ده‌ڕوات و نه‌یتوانیوه‌ حكومه‌تێكی مه‌ده‌نى بێت، بۆیه‌ ده‌ڵێت “ئه‌مه‌ وایكردووه‌ به‌ئاسانى چه‌ك بكه‌وێته‌ ده‌ستى خه‌ڵك و تاوانى پێبكرێت”.

روونیكرده‌وه‌، هۆكارێكى دیكه‌ى توندوتیژییه‌كان، جگه‌ له‌ لایه‌نه‌ ئابوورییه‌كه‌، نه‌بوونى چاودێرییەکی تەندرووستیی و دەروونییە بۆ ژنانی پارێزگای هەڵەبجە، کە لە کاتی پێویستدا چارەسەری لێوەربگرن و پەنای بۆ بەرن، ئەوەش وادەکات تێکچوونە دەروونییەکان بە کارەسات کۆتایی بێت.

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ى ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، لە ساڵی 2019 دا 75 دۆسیەی توندوتیژی دژ بەژنان له‌هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمار کرابوو، بەڵام لەساڵى 2020  بۆ 37 دۆسیه‌ كه‌مى كردووه‌، ساڵ به‌ ساڵیش ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌ره‌و كه‌متر چووه‌، ته‌نانه‌ت ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ حاڵه‌تى كوشتنى ژنان له‌و سنووره‌ رووینه‌داوه‌.