چالاکیەکانی وەرزی پایزەی هەولێر دەستپێدەکات
964+
پەرستۆ ساڵح
لە هەولێر وەرزی چالاکیەکانی کۆتایی ساڵ دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت و زیاتر لە 12 فیلمی سینەمایی نمایش دەکرێت.
ساڵانە لە هەولێر وەرزی چالاکیە هونەریی و سینەماییەکانی سەرەتا و کۆتای ساڵ بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمساڵیش لە 4.9.2023 چالاکیەکانی وەرزی پاییز دەستپێدەکات و بڕیارە تا مانگی دوازدە بخایەنێت.
شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر بۆ 964 وتی، “هەفتانە رۆژێک چالاکیەکە بەڕێوەدەچێت لە هۆڵی سەنتەری ئاڵا و تێیدا نمایشی فیلم و کورتە فیلم و دۆکیمێنتاری یان فیلمی بڵندی سینەمایی دەکرێت، پاشان گفتۆگۆیان لەبارەوە دەکرێت و بڕوانامەی رێزلێنانیش دەبەخشرێتە دەرهێنەر و پاڵەوانی فیلمەکان”.
بەپێی زانیارییەکان نمایشی فیلمەکان بەبێ بەرامبەرە و بەشێک لەو فیلمانەی دیاریکراون بۆ نمایش تایبەتبوون بە فێستیڤاڵەکان و بابەتی هونەرین.
بەڕێوەبەری سینەما باسی لەوەشکرد، ژمارەی فیلمەکان 12 هەڵبژاردەیە و ئەگەر خواست هەبێت لەلایەن بینەرانەوە ئەگەری هەیە فیلمی بیانیشی تێدا پەخش بکەن بەمەرجێک لەگەڵ کلتوری کوردی گونجاو بێت.
یەکەم فیلم کە بڕیارە سبەی دووشەممە نمایش بکرێت فیلمی سینەمایی “سڵاو پێشمەرگەیە” کە لەلایەن حەسەن عەلیەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و ئەحمەد رامبۆ رۆڵی سەرەکی هەیە و باس لە سەردەمی پێشمەرگایەتی شاخ دەکات لە ساڵانی هەشتاکان، پێشتر لە چەندین هۆڵی سینەمای کوردستان و جیهان نمایشکراوە.
حەسەن عەلی دەرهێنەر تایبەت بە 964 وتی، “ئەم فیلمە بەشداری چەندین فێستیڤاڵی نێودەڵەتی کردووە و دوو خەڵاتی بردووەتەوە لە سویسرا و ئیسپانیا”.