گەڕەکەکانی دەربەندیخان بەدەست بارهەڵگرەوە گیریان خواردووە

964+

هونەر فارس- دەربەندیخان

سەرباری هەبوونی گەراج بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە قەزای دەربەندیخان، بەڵام بەشێک لە شۆفێران بارهەڵگرەکانیان لە نێو کۆڵان و زەویە چۆڵەکانی قەزاکە دەوەستێنن.

وەستاندنی ئەو بارهەڵگرانە لە شوێنی نایاسایدا نیگەرانی هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکانەی لێ کەوتووەتەوە و بەشێکیان بە مەبەستی چارەسەرکردن سکاڵایان بۆ شارەوانی قەزاکە بردووە.

ئومێد ئەحمەد سەرۆکی لیژنەی زیادەڕۆیی شارەوانی دەربەندیخان بە 964ی وت، بەشێوەی کرێگرتە زەوی لەلایەن شارەوانی بۆ گەراجی بارهەڵگرەکان دابینکراوە بەڵام بەشێکیان پابەند نابن بە رێنماییەکانەوە و ئۆتۆمبێلەکانیان لە ناو کۆڵان و زەویە بەتاڵەکاندا دەوەستێنن.

سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان باسی لەوەکرد، پێشتر سکاڵای هاوڵاتیانیان بۆ ئەو بابەتە بە لایەنی پەیوەندیدار گەیاندووە کە هاتوچۆی دەربەندیخانە.

بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارە 964 پەیوەندی بە جاسم محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخانەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکەی بێ وەڵام بوو.

پێداچوونەوە: توانا نەقی