ئاسایشی عێراق بۆ 964: فه‌رمانی كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌مان له‌ كوردستان نییه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی داوای لە پەرلەمان کردوە پەلە بکرێت لە دەرکردنی کۆمەڵە یاسایەک، کە رێگا بە عێراق دەدات، لە چوارچێوەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، هەواڵگری عێراق نووسینگەیەک لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق به‌ 964ی راگه‌یاند، هیچ فه‌رمانێكیان بۆ كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نییه‌.
سه‌رچاوه‌كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت و ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ به‌ 964ی وت، هه‌ماهه‌نگی و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان هاوبه‌شیمان هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ فه‌رمانێكمان بۆ كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ نه‌هاتووه‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ئەمڕۆ 29.8.2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد پەلە بکەن لە دەرکردنی کۆمەڵێک یاسا، کە یەکێکیان یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانییە، کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

هیچ دەزگایەکی ئەمنی عێراقی لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی نووسینگە و بارەگای نییە و لە رێگای پەرلەمانی عێراقەوە کاردەکرێت تا 17 پرۆژە یاسا بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ یەکێک لەو پرۆژانە، رێگا بە دەزگای هەواڵگری عێراق دەدات لە چوارچێوەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، نووسینگەی خۆی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە و هاوشێوەی ناوچەکانی دیكه‌ کار و چالاکی ئەنجام بدەن.