نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی دەبێت

دوای 13 ساڵ زەوی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکەی مەخمور تەرخانکرا

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی 15 دۆنم زەوی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە مەخمور، ئەو نەخۆشخانەیەی بڕیار بوو لەساڵی 2010 دروستبکرێت.

ئەو زەوییەی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە تەرخانکراوە دەکەوێتە دەکەوێتە کەرتی حەوت، لەسەر رێگای مەخمور باقرت، دەکەوێتە دەستە راستی بازگەی باقرت.

رزگار ئیسماعیل قایمقامی مەخمور بۆ 964 وتی، “بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بۆ تەرخانکردنی ئەو 15 دۆنم زەوییەی کەرتی حەوتی مەخمورە و تاپۆکردنیەتی لەسەر وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدرالی عێراق”.

بەوتەی قایمقامی مەخمور، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە دەستپێکردنی دروستکردنی نەخۆشخانەکە بخرێتە ناو بودجەی ساڵی 2023ی وەزارەتەکە.

لەقەزای مەخمور تەنیا دوو بنکەی تەندروستی هەیە و هاوڵاتیانی ئەو قەزایە لەکاتی هەبوونی نەخۆشی کتوپڕ دەبوو یان بیهێنن بۆ هەولێر یان موسڵ.

مەخمور لە ساڵی 1927 بووەتە قەزا، لە هەولێرەوە 65 کیلۆ مەتر دوورە و لە پارێزگای موسڵ 60 کیلۆمەتر.
قایقمامی مەخمور دەڵێت، نەخۆشخانەکە 100 قەرەوێڵەییە و هەموو پسپۆڕییەکانی تێدا دەبێت، گوژمەی تەرخانکراو بۆی 77 ملیار دینارە.