خێزانێکی کورد بە کوژراوی لە ناو ماڵەکەیان دۆزرانەوە
+964
ئەحمەد عەبدوڵا
خێزانێکی کوردی دانیشتووی شارۆچکەی ئاڵنی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا بە مردوویی لە ناو ماڵەکەیان دۆزرانەوە.
دەزگای ئیسلامی شارۆچکەی ئاڵن کە ئەو خێزانە ئەندامی دەزگاکەن دەڵێن، ئەو خێزانە سێ هەفتە پێش ئێستا کچێکی تەمەن چوار ساڵییان لە حەوزێکی مەلەکردن خنکاوە.
پۆلیسی شارۆچکەکە دوێنێ سێشەممە هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە و بڕوایان وایە خنکانی کچەکەیان هۆکاری رووداوەکەیە.
پۆلیسی ئاڵن رایگەیاند، فەرمان شێروانی، لەیلا شێروانی، مەتین شێروانی و شاهین شێروانیان بە مردوویی دۆزیوەتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەیان پەیوەندییان پێوە دەکرێت و وەڵامیان نابێت، دواتر دوای دوو کاتژمێر ناچار دەبن دەرگای ماڵەکەیان بشکێنن و بچنە ناو ژوورەوە.
پۆلیسی شارۆچکەی ئاڵن راشیگەیاند، هێشتا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.