وێنەی ئایفۆن گرافیک 964
هەواڵە خۆشەکە گەیشت
ئایفۆن 15 نمایش دەکرێت
964+
عادل کانەبی
ئەپڵ بە فەرمی رۆژی 12ی ئەیلولی دیاریکرد بۆ نمایشکردنی ئایفۆن 15.
لە دوای چاوەڕوانییەکی زۆری هەوادارانی ئایفۆن 15 ئیتر چاوەڕوانییەکانیان کۆتایی دێت و کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ نمایشکردنی ئایفۆنە نوێیەکە.
کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، رۆژی 12ـی ئەیلولی 2023 لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەپڵ، ئایفۆن 15 نمایش دەکرێت، کۆنفرانسەکە کاتژمێر 8ـی شەوە بە کاتی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان کۆمپانیای ئەپڵ چەند گۆڕانکارییەکی نوێی لە مۆبایلە تازەکەیدا کردووە، لەوانە دەرچەی تایپ سی زیاد کردووە کە یارمەتی بەکارهێنەرانی دەدات بە کاتێکی کەمتر و بە کێبڵی مۆبایلەکانی تریش شەحن بکرێتەوە.
بەهۆی نەبوونی هیچ لقێکی فەرمی کۆمپانیای ئەپڵ لە هەرێمی کوردستان، لە کاتی دەرچوونی زنجیرەیەکی نوێی ئایفۆن نرخەکان لەشارەکانی هەرێم بەراورد بە نرخە فەرمییەکان چەند سەد دۆلارێک گرانتر دەبێت و پێشبینی دەکرێت نرخی IPhone 15 pro max بگاتە 2000$.
کۆمپانیای ئەپڵ، هەموو ساڵێک لە مانگی ئەیلول نوێترین بەرهەمی خۆی لە ئاهەنگێکی تایبەت نمایش دەکات و دوای دوو هەفتە لە نمایشکردنی دەیخاتە بازاڕەوە.