“دێكردن” زه‌خیره‌ى زستان بۆ مه‌ڕ و ماڵاته‌كان

964+

ئاسۆ وه‌رتى – باڵه‌كایه‌تى

له‌ گوندی زێوەی سەر بە ناحیەی وەرتێ، وه‌رزى دێكردن ده‌ستپێكردووه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش مام سه‌عید ژماره‌یه‌ك خزم و دۆستانى كۆكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ .

دێکردن یان گەڵکردن، یەکێکە له نەریتە کۆنەکانی گوندنیشنان بەتایبەت ناوچەی باڵەکایەتی و گوندەکانی دەوربەری ، قه‌د و لقه‌ بچووك و مامناوه‌نده‌كانى دارى مازوو به‌ گه‌ڵا و چڵەكانییه‌وه‌ ده‌بڕن و له‌ناو قه‌دى دارێكی به‌هێز كۆیده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك خوراكى زستان بۆ مه‌ڕ و ماڵات سوودى لێوه‌ربگرن.

زیاتر لە 25 کەس بۆ هەرەوەزی مام سه‌عید سۆفی كۆبوونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بۆ زستانى داهاتوو زه‌خیره‌ى مه‌ڕ و ماڵاته‌كانى دابخه‌ن.

بەوتەی یەکێک له بەشداربووانی هەرەوەزیەکە، هیج زیانێک بە دارەکان ناگات، بگره دارەکان گەنج دەبنەوە و بۆ داهاتووش زیاتر به‌هێز ده‌بن و ره‌گ داده‌كوتن.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن