ئەمجەد عتوان لە یانەی زاخۆ نزیکە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

یانەی زاخۆ درێژە بە گرێبەستەکانی دەدات، بەگوێرەی زانیارییەکان وەک ئامادەکاری بۆ خولی پیشەگەرانی عێراق ئەو یانەیە نزیک بووەتەوە لە گرێبەست لەگەڵ ئەمجەد عتوان.

یانەی زاخۆ لەم وەرزە چەندین گرێبەستیان ئەنجامداوە، دیارترینیان گرێبەستی راهێنەری قەتەری تەلال بەلوشی بوو لە 21.8.2023 و واژۆکردنی 20 گرێبەستی دیکە لەگەڵ یاریزانانی پێشەگەر و ناوخۆیی، پێشبینی دەکرێت شەش گرێبەستی دیکە ئەنجام بدات، کە یەکێکیان گرێبەستە لەگەڵ ئەمجەد عتوانی عێراقی.

عادل رەمزی، بەرێوەبەری راگەیاندنی یانەی زاخۆ بۆ 964 وتی، واژۆکردنی گرێبەستەکە هیچ گرفتێکی لەبەردەم نەماوە، گەیشتووینەتە رێکەوتن 550 ملیۆن دینار بۆ یەک وەرز، تەنیا ئەوە ماوە یاریزانەکە بێتە زاخۆ و گرێبەستەکە واژۆ بکەین.

ئەمجەد عتوانی تەمەن 26 ساڵ، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە و توانی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە 19.1.2023 جامی خەلیج بباتەوە و ئاستە بەرزەکەی ناودەنگێکی زۆری بۆ دروستکرد.

ئەمجەد عتوان پێشوتر یاری بۆ دوو یانەی دەرەوەی عێراق کردووە، ئەوانیش شیمالی قەتەری و کوێتی کوێتیە، لەسەر ئاستی ناوخۆ لە چەندین یانەی عێراقی وەک کوت، کەربەلا، نەجەف، نەفتی وەسەت و شورتە، یاریکردووە.

ئێستا ئەمجەد عتوان بووەتە جێگە سەرنجی هەردوو یانەی زاخۆ و شورتە و بەپێی زانیارییەکان لەگەڵ یانەی زاخۆ تەنیا واژۆکردنی گرێبەستیان ماوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی