ئه‌م مانگه‌ 700 هێكتار سووتاون

“دەستێک لە پشت سووتانی دارستانەکانی زاگرۆس هەیە”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سه‌رله‌نوێ دارستانەکانی زاگرۆس رووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە بوونه‌وه‌، ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ به ‌به‌رده‌وامى ده‌سووتێن، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ریش هه‌فته‌یه‌ك بوو سنوورێكی به‌رفراوانى ئه‌و دارستانانه‌ سووتان.

له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌وه‌ چه‌ند جارێك ئاگر له‌ دارستانەکانی زاگرۆس لە سنوورى ناوچەی مەریوانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان كه‌وتبووه‌وه‌ و بە پێی ئامارێکی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، ئه‌وكات نزیكه‌ى 500 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتا بوون.

شه‌ریف باژوێر، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى دامه‌زراندنى رێكخراوى ئەنجومەنی سەوزی چیا، به‌ 964ـى وت، ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌ به‌رده‌وامى ئه‌و دارستانانه‌ له‌ سنوورى شاری سەردەشت دەسووتێن، وتیشی “له‌م ماوه‌یه‌دا نزیكه‌ى نۆ ئاگر له‌ شوێنى جیاجیاى سه‌رده‌شته‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له‌ ماوه‌ى ئه‌م مانگه‌دا زیاتر له‌ 700 هێكتار زه‌وی كه‌ دارستان و پووش پاوان بوونه، سووتاون.

به‌ پێی یاساكانى پێوانه‌كردنى رووبه‌ر، یه‌ك هێكتار زه‌وى ده‌كاته‌ 10 دۆنم.

ئەنجومەنی سەوزی چیا، كه‌ رێكخراوێكی ژینگه‌یی شارى مه‌ریوانه‌، له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، ئێران دەستی له‌و ئاگرتێبه‌ردانه‌ى دارستانه‌كانى زاگرۆس هه‌یه‌ و دەیەوێت ژینگەی کوردستان وێران بکات.

هه‌ر به‌ پێى ئاماره‌كانى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌‌، مانگی رابردووش بەهۆی هێرشەکانی سه‌ربازیى ئێرانەوە بۆ سەر ناوچەی کۆساڵان، نزیکەی 100 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتان.

ژینگه‌پارێزێك كیسه‌ڵێك له‌ سووتان رزگار ده‌كات

ژینگه‌پارێزێك كیسه‌ڵێك له‌ سووتان رزگار ده‌كات