گواستنەوەی سەگ بۆ شێڵتەرەکانی هەولێر بەردەوامە
964+
توانا نەقی
ئەو شێڵتەرەی بۆ سەگی بێلانە لە هەولێر کراوەتەوە بەردەوامن لە کۆکردنەوەی سەگ و تا ئێستا زیاتر لە 100 سەگ گواستراونەتەوە شێڵتەرەکە.
بەرپرسانی شێڵتەرەکە دەڵێن، ئەرکیان زۆر قورسە و دەبێت نێر لە مێ جیابکەنەوە و بەپێی تەمەنیش جیاکارییان بۆ بکەن و پاشان نەشتەرگەریان بۆ بکەن.
تێبینی کراوە لە مانگی ئابدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە کارەکانی شێڵتەرەکە تا رادەیەک سست بووە و کەمتر سەگە بەرەڵاکان کۆدەکرانەوە.
د.هێمن محەمەد بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگی هەولێر بە 964ـی وت، تا ئێستا 100 بۆ 120 سەگیان کۆکردووەتەوە و نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و جیا کراونەتەوە.
وتیشی، زیاتر لەو گەڕەکانە دەگەڕێن کە دوورن لە ئاوەدانی و چۆڵەوانییان زۆرە، ئەوان دەزانن گەڕەکەکانی 32ـی پارک، هەولێری نوێ، فەرمانبەران و چەندین گەڕەکی دیکە سەگێکی ئێجگار زۆریان لێیە کە سەگێکیش دەبەن یەکێکی دیکە دێتە شوێنی.
لە مانگی ئەیلولەوە بە چڕی دەستدەکەنەوە بە گەڕان و بەردەوامیدان بە هەڵمەتەکەیان بە دوای سەگی بێلانە و بەرەڵا و دەیانبەنە شێڵتەرەکە دوای نەشتەرگەری بەرەڵایان دەکەنە گۆڕەپانی تایبەتی خۆیان و تا تەمەنیان هەبێت نان و ئاویان پێدەدرێت و لەوێ دەمێننەوە، د.هێمن وای وت.
شێڵتەری سەگی هەولێر لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە، هەر 10 مەتر دووجایەک بۆ سەگێک دانراوە و واتە جێگەی پێنج هەزار سەگ دەکاتەوە.