هێشتا 1500 خێزان ماون

ئەمساڵ تەنیا 10 خێزانه‌ ئاوارەی کورد له‌ ئێران گەڕاونەتەوە

964+

ئاسۆ وەرتی ـ سۆران

پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر خاو بووەتەوە، به‌ جۆرێك له‌ ماوه‌ى هه‌شت مانگى ئه‌مساڵدا ته‌نیا 10 خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ رابردوودا به‌هۆى دۆخى سیاسیی و ئه‌منییه‌وه‌، خەڵکی باشوری کورستان لە دوو كاتى جیاواز ئاوارەی  کۆماری ئیسلامی ئێران بوون، یه‌كه‌مجار له‌ ساڵى 1974 و دووه‌میش له‌ ساڵی 1988 بوو.

عباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و روبەڕوبوونەوەی قەیرانەكانی ئیدارەی سۆران بە 964ـی وت، گەورەترین کێشەی گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاوارە کوردەکان كه‌ له‌ وڵاتى ئێرانن، شوێنی نیشتەجێوبوونە.

وتیشی “ساڵانی پێشوو ئێمه زەویمان پێدەدان نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش خانووی بۆ دروست دەکردن و خەرجی گەڕانەوەی بۆ دابین دەکردن، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌”.

به‌ قسه‌ى ناوبراو، پێشتر خەرجی گەڕانەوەی هه‌ر خێزانێكی ئاواره‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ تاوه‌كو سه‌ر سنوور، ته‌نیا 50 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا پێویستیان بە 10 ملیۆن تمەنه، ئەمەش وایکردوە  پڕۆسەی گەڕانەوەیان خاو ببێتەوە.

باسی له‌وه‌كرد “لە سەرەتای ئەمساڵەوە  تەنیا 10 خێزانى ئاوارە گەڕاونەتەوە کوردستان، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەم گەڕاوەتەوە بەراورد بەسالانی پێشوو”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، شه‌ش لەو خێزانه‌ ئاوارانه‌ى ئه‌مساڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، لەناو قەزای سۆران و دووانیان له مێرگەسور و دوو خێزانه‌كه‌ى دیكه‌شیان چوونەتە پارێزگای هەولێر.

عباس ئەمیر، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، هێشتا هه‌زار و 500  خێزانه‌ ئاواره‌ى  باشوورى كوردستان لە ئێران ماون و نەگەڕاونەوتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن