زانکۆی گەرمیان پێنج داوای لە وەزیری دارایی کردووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

زانکۆی گەرمیان پێنج داواکاری هەیە و بە فەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی هەرێم کردووە جێبەجێیان بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 24.7.2023، چۆمان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی گەرمیان بە 964ـی وت، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری دارایی ئەو داواکارییانەی پێوتووە.

داواکارییەکان بریتین لە چارەسەرکردنی گرفتی کرێی کۆمپانیاکانی تایبەت بە پاککردنەوە و چاککردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان، خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایان، کردنەوەی بانکێکی تایبەت بە زانکۆی گەرمیان، لەگەڵ خەرجکردنی بودجەی تایبەت بە خزمەتگوزارییەکانی ناو کەمپی زانکۆ و تەواوکردنی پرۆژەی پەرژین (سیاج)ی کامپەکە.

“ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، جەختیکردەوە وەزارەتەکەی لە رێگەی لایەنی پەیوەندیدارەوە دیراسەی داواکارییەکانی زانکۆی گەرمیان دەکات و کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکات”، ئیدارەی گەرمیان وا دەڵێت.

زانکۆی گەرمیان، ساڵی 2010 وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ لە ناوچەی گەرمیان دامەزراوە، خۆی لە ھەشت کۆلیژ لەگەڵ دوو بەشی سەربەخۆ دەبینێتەوە.