ئامێرێکی POS. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
ماستەر کارت بێ بەرامبەر دەدرێتە ئەندامانی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بانکێک لە پارێزگای سلێمانی، بێ بەرامبەر ماستەر کارت و ئامێری POS دەداتە ئەندامانی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران هەژماری بانکیان بۆ دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24.7.2023، مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، لە ئەمڕۆوە دەستکراوە بە رێکارەکان و ئاڕتی بانک (RT Bank) ماستەر کارت و ئامێرەکان دابین دەکات.
ئامێری (POS) بەکاردێت بۆ راییکردنی مامەڵە و راکێشان یان خەرجکردنی بڕی پارەی پێویست و ئەندامانی یەکێتییەکە دەتوانن لە کۆمپانیا، رێستۆرانت، هۆتێل، مارکێت و تەواوی شوێنە بازرگانییەکان سوودی لێوەربگرن و بێبەرامبەر پێیان دەدرێت.
ئەندامانی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران نزیکەی پێنج هەزار کەس دەبن و خاوەنی کۆمپانیا، رێستۆرانت، هۆتێل، مارکێت و تەواوی شوێنە بازرگانیەکان دەگرێتەوە.
“ئەم خزمەتگوزارییە سەرەتا بۆ ئەندامانی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران لە لقی سلێمانی بەردەستە، کاردەکەین بۆ ئەوەی بەردەستبێت بۆ پارێزگاکانی دیکەش”، مستەفا عەبدولرەحمان وای وت.