بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بۆ چوارتا: لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساین
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
ناحیەی چوارتا کێشەی کەمی ئاوی ھەیە، نیگەرانە لەوەی غەتاس خراوەتە نێو ئاوە ھاوبەشەکانی لە ناڵپارێز، ئەو نیگەرانیەشی گەیاندووەتە لیژنەی شارەوانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
بریاردەری ئەو لیژنەیە بڵاوکراوەیەکی بۆ 964 ناردووە، بەو پێیە بێت، دەرکەوتووە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و گیرانەوەی ئاوی چەمی سیوەیل لە لایەن وڵاتی ئێرانەوە، ھەروەھا بەکارهێنانی غەتاس لە ناوچەکەدا بووبن بە ھۆکاری کەمبوونەوەی ئاوی چوارتا.
خەدیجە عەبدولجەبار بڕیاردەرەکەیە ئەوەشی وتووە، لەگەڵ قایمقامی پێنجوێن، چوارتا و شارباژێڕ و ناحیەی ناڵپارێز کۆبوونەتەوە، کە ئەمانە دەکەونە پێش سنوری چوارتا، چاوەڕێ دەکەن کێشەکان لە مانگەکانی داھاتوو زیاترببن.
پرۆژەی بەنداوی زەلان، تاکە ھەنگاوی دڵخۆشکەرە ئاو بۆ چوارتا و خێر و بێریشی بۆ جووتیاران بگەڕێنێتەوە، کەچی تا ئێستا تەنیا بەنداوەکە نزیکەی 30%ی تەواوکراوە، لە بەدیلی ئەوەدا جووتیاران غەتاسیان خستووەتە ناو چەمی سیوەیل کە تەنیا ئاوی ھاوبەشی ناوچەکەیە.
ھەروەک ھێمن ئیبراھیم بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بە 964ی وت، چەمی سیوەیل کە لە ئێرانەوە دێتە ناوچەکەیان، سەرچاوەکەی ئاوی باراناوە و کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ کەمدەکات، “کانیاوەکانیشمان وشکیان کردووە”.
بەڕێوەبەرەکەی ناحیەی ناڵپارێز، رەتیدەکاتەوە ئەوان ھۆکار بن بۆ کەمتر گلدانەوەی ئاو بۆ چوارتا و وتی، “تەنانەت بۆ ئاوی خواردنەوەی ناحیەکە کە زیاتر لە حەوت ھەزار کەسمان نیشتەجێن، پشت بە بیر دەبەستن”.
بەوتەی ھێمن ئیبراھیم ئەوان لەگەڵ ئەوەدان یاسا جێبەجێ بکرێت لە ئاوە ھاوبەشەکان و ئەوەشی وت، “جووتیارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو کارەی کردوویانە نایاساییە”.