دەست بە رووخاندنی حەوزەکانی ماسی داقوق کرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بەهۆی بوونە مەترسی بۆ سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەست بە رووخاندنی بەشێک لە حەوزەکانی ماسی لە قەزای داقوق کرا.
قەزای داقوق دەکەوێتە باشووری پارێزگای کەرکوک و ماسی ناوچەکە لەناو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەناوبانگە.
964 دەزانێت بڕیارە ئەم رووخاندنە 600 حەوزی ماسی لەو ناوچەیەدا بگرێتەوە
لەوبارەیەوە، عیماد رەحمەتوڵا بەڕێوەبەری هۆبەی سەرچاوە ئاوییەکانی قەزای داقوق بە 964ی وت، “دوای چەندین کۆبوونەوەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان و ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی پاراستنی رێژەی ئاو کە ئێستا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، گەیشتنە ئەو بڕیارەی هەرچی حەوزی ماسی هەیە و زیادەڕۆیی کردووەتە سەر سەرچاوەکانی ئاو، دەبێت بڕوخێندرێن”.
وتیشی، مۆڵەتیان داوەتە حەوزەکان تاوەکو ماسییەکانیان بفرۆشن، چونکە ئەمە تەنیا قۆناغی یەکەمی هەڵمەتەکەیە و بەردەوام دەبن.
لە لایەکی دیکە، زەکی کەریم بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی کەرکوک بۆ 964ی باسکرد، لە سنوری داقوق زیاتر لە دوو هەزار حەوزی ماسی هەیە و لە سنوری پردێ و چیمەن و دوبز چەندین حەوزی تر هەن کە “دەبێت بڕوخێندرێن”.
964 لە شوێنی رووخاندنی حەوزەکان ئامادەبوو، ویستی لێدوانی خاوەن حەوزەکان وەربگرێت، بەڵام وادیاربوو پێشتر بەرهەمەکانیان فرۆشتبێت و لەوێ نەمابن.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ تەنیا دوو حەوزی ماسی لە داقوق رووخێندراون و رۆژانی داهاتوو پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.