رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی کوردستان
دیداری كۆچ لە هەولێر
وەزیری ناوخۆی كوردستان بۆ گەنجان: رێگەی نایاسایی كۆچكردن مەگرنەبەر
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان داوا لە گەنجان دەكات، بە نایاسایی نەچنە دەرەوەی وڵات و لە بری ئەوە پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن و خزمەتی وڵاتەكەیان بكەن.
رێبەر ئەحمەد ئەمڕۆ یەكشەممە لە یەکەمین دیداری پەیماننامەی جیهانی کۆچ، كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، وتی، “داوا لە لاوانی کوردستان دەکەم، رێگای کۆچی نایاسایی نەگرنەبەر، چونکە مەترسیی زۆری لە رێگایە، لەبری کۆچکردن، پەرە بە تواناکانی خۆتان بدەن و بەشداری لە پێشخستنی کوردستان بکەن.”
وەزیری ناوخۆ هەروەها دەڵێت: “کۆچ تەنیا کێشەیەکی ناوچەیی و نیشتمانی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی جیهانییە، پێویستی بە رێبازێکی گشتگیری حکومەت و تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵە بۆ چارەسەرکردنی”.
“رژێمە یەکلە دوای یەکەکانی عێراق دەستیان نەپاراست لە ئاوارەکردن و ناچارکردنی میللەتی ئێمە، کە وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن، تەنیا لەبەرئەوەی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەستی تێکۆشاون، دوای رووخانی رژێمی بەعسیش لە ساڵی 2003 و باشتربوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2014، شەپۆلێکی پێچەوانەی کۆچ دەستیپێکرد و هەزاران خێزان و خاوەن بڕوانامە گەڕانەوە نیشتمان”، وەزیری ناوخۆ وای وت.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پابەند کراون 75%ـی دەرفەتەکانی کاریان بۆ کرێکاری خۆماڵی تەرخان بکەن و وەزارەتی ناوخۆش هێنانی کرێکاری بیانی سنووردار کردووە.
یەکەمین دیداری پەیماننامەی جیهانی کۆچ لە هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ، بە هاوبەشی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) بەڕێوەچوو.