شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان - فۆتۆ پەرلەمانی عێراق
هاوشێوەى عێراق سودمەند دەبن لە ماف و ئیمتیازات
شاخەوان عەبدوڵا؛ موژدە بە کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى ناوچە جێناکۆکەکان دەدات
964+
وریا فەتاح
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند کە ئەو هەموارەی بۆ یاسای شەهیدان کراوە و ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە فەیسبوکى خۆیەوە پۆستێکى کردووە و شاخەوان عەبدوڵڵا پیرۆزبایی لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کەرکوک و تەواوی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم دەکات و دەڵێت:”کاتێک یاسای شەهیدانمان هەموارکردەوە بەشێوەیەک کەسوکاری شەهید و ئەنفالی ئێمەیش سودمەندبن لەو مافانەی بە شەهیدانی عێراق دراوە، خەڵکانێک پێیان وابوو ئەوە تەنیا یاسایەکە و جێبەجێ ناکرێت.”
بەپێی هەموارەکە، کەسوکاری شەهیدان لەو ناوچانە لە کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازات سودمەند دەبن، لەوانە درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی فەرمانبەری، بەخشین لە باج، ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی فەرمانبەران و چەندین ئیمتیازاتی تر، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد، “لەدوای چەندین دانیشتن لەسەر ئەو بابەتە، سوپاس بۆ خودا چوە بواری جێبەجێ کردن و گشتاندنی پێکرا.”
پێشتر پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان کردبوو، کە یەکێک لە ئامانجەکانی یەکسانکردنی مووچە و ئیمتیازاتی شەهیدانی پێشمەرگە و قوربانیانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە لەگەڵ شەهیدانی دیکەی عێراقدا.
شاخەوان عەبدوڵا دڵنیاییشی دا کە بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی دیکە و وتی، “پشتیوان بە خودای گەورە بەهەمان شێوە، رێنمایی جێبەجێ کردنی گەڕانەوەی زەوییەکان و زیندانیانی سیاسی و هەڵەبجە و هەموو ئەو یاسانەی لەم خولەی پەرلەمان دەرمانچواند لێرە بڵاو دەکەینەوە.”