دۆسیەی ئاوی نێوان عێراق و توركیا
“توركیا دیجلە و فوڕات بە رووباری نێودەوڵەتیی نازانێت”
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەموو ساڵێك دۆسیەی ئاو لە نێوان عێراق و توركیا جێگەی مشتومڕە، كە سەرچاوە ئاوییەكان بە هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕن.
دیجلە و فورات دوو رووباری گەورەن و لە توركیاوە دێن، بەڵام كێشەی گەورە ئەوەیە توركیا دیجلە و فوڕات بە رووباری نێودەوڵەتی نازانێت و بە ناوخۆیی وڵاتەكەی دەزانێت، بۆیە بە كەیفی خۆی هەڵسوكەوت دەكات.
لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق عەون زیاب بە میدیای فەرمیی حكومەتەكەی راگەیاندووە، توركیا بەڵێنی داوە ئەمساڵ ئاوی پێویست بەربداتەوە.
زیاب دەڵێت، عێراق خوازیارە ئەمساڵ توركیا بەڵێنەكانی بباتە سەر.
ئاماژە بەوەش دەكات، لە سەردانی رۆژانی رابردووی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا، دۆسیەی ئاو گفتوگۆی جیدی لەسەر كراوە و توركیا بەڵێنی داوە ئاو بەربداتەوە.
بە پێی ئەو ریسێرچانەی دەزگا پەیوەندیدارەكان لە بارەی پێویستیی ئاو لە عێراق ئەنجامیانداوە، عێراق ساڵانە پێویستی بە 42 -50 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ كشتوكاڵ و ئاودێری.
لەوبارەیەوە پارساڵ رێككەوتنێكی 10 ساڵە لە نێوان هەردوولا بۆ ئاو كراوە، بەڵام وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق پێشتر وتبووی “توركیا پابەند نییە”.
ئەمساڵ عێراق و هەرێمی كوردستان وشكەساڵییان هەیە و وەرزی باران بێ باران بوو.
یەكێك لە كێشەكانی ئاو لە نێوان عێراق و توركیا، پڕۆژەی گاپە، كە گەورەترین كێشەی بۆ عێراق و كوردستان ناوەتەوە، پڕۆژەكە لە 22 بەنداو و چەند پڕۆژەیەكی دیكەی ئاودێریی پێكدێت و توركیا لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانە دروستی دەكات، كە بەرەو هەرێمی كوردستان و عێراق دێن و رادەی هەناردەی ئاوی كەمكردووەتەوە، بە جۆرێك شارەزایان دەڵێن: عێراق كارتی فشاری بەرامبەر توركیا بەدەستەوە نییە.
تاكە فشارێك كە عێراق و كوردستان چاوەڕێی دەكەن يارمەتییان بدات، فشاری سروشتیی بوومەلەرزەیە، كە لە ئەگەری روودانی، توركیا ناچارە لە ترسی رووخانی بەنداوەكانی، ئاوەكە بەربداتەوە و فشار لەسەر بەنداوەكانی كەم بكاتەوە.