دوای شەش مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان
برغووی فلێکسەکانی هەڵبژاردن لە جادە و شەقامەکانی سلێمانی نابڕێت
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا ئاسەواری فلێکس و پۆستەری کاندیدەکانی هەڵبژاردن لە جادە و شەقامەکانی سلێمانی هەرماوە و ئەمجارە لە جادەی سالم و ئیبراهیم پاشا، هاوشێوەی جادەی پۆزەكەی سلێمانی، چەند برغوویەكی فلێكسەكان، بووەنەتە لەمپەری پەڕینەوەی هاوڵاتیان و کێشەیان دروستکردووە.
لە ناوەندی شەقامی سالم کە بە سەهۆڵەکە بەناوبانگە، هەر لە سەرەتای شەقامەکەوە تا دەگاتە نزیك دووڕیانەكەی سەرچنار و لە جادەی ئیبراهیم پاشاـش بەدرێژایی شەقامەكە، بەسەدان برغوو بۆ جێگیرکردنی فلێکس و پۆستەری کاندیدەکان بەکارهاتوون و دوای لابردنی فلێکسەکان، برغووەکان لێ نەکراونەتەوە و لەکاتی پەڕێنەوەی هاوڵاتیان لە شەقامەکان، کێشەیان بۆ دروست دەکات.
كاروان تۆفیق لە جادەی سەهۆڵەكە و بەدەم رێگاوە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “جێی دەستخۆشییە كە ئێوە وەك 964 رۆژانە تێبینی ئەو گرفتانە دەكەن، ئەو برغووانە وەكو كۆسپێك وایە بۆ پێهەڵكەوتنی هاوڵاتیان لەكاتی پەڕینەوەدا، هەندێك كات ئەگەری رووداوی هاتوچۆشی هەیە”.
وتیشی، “خۆم چەند جارێك قاچم لەو برغووانە هەڵكەوتووە، ئەگەر ئێوەش تێبینی بكەن و چاودێری شەقامەكە بكەن، بە ئەگەرێكی زۆرەوە چەندین كەسی دیكە تووشی ئەو حاڵەتە دەبن، چونكە هەندێک جار خەڵكی بەهۆی سەرقاڵییەوە، برغووەکان نابینن و تووشی کێشە دەبن، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار هەرچی زووتر هەڵیانگرێتەوە”.
ئەو برغووانەی لە جادەی پۆزەکە پۆزی خەڵکیان دەشکاند لابران
بەهەمان شێوەی جادەی پۆزەكەی سلێمانی، 964 گرفتەكەی گەیاندە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و قسەمان لەگەڵ زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی كرد، ئەو وتی، “وتەكانی ئێوە وەكو دۆكیۆمێنت راستەوخۆ دەنێرم بۆ سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، كە كێشەیەكی لەو جۆرە لەو دوو شەقامەی شاردا هەیە، بۆئەوەی دەستبەجێ تیمەكانی شارەوانی بنێرین بۆ لابردنی برغووەكان و چارەسەركردنی گرفتەكە لەو شەقامانەدا”.
“ئەو وردەكارییانە زیاتر ئێوە وەكو راگەیاندن دەیبینن، ئێمە سەرقاڵییەكانمان زیاترن و كەمتر دەپڕژێینە سەر ئەو وردەكارییانە، دواجار ئەوەی ئێوە و ئێمەش دەیكەین بۆ خزمەتی ئەم شارەیە، بەڵام زۆرجار دەور و كاریگەری ئێوە زیاترە بۆ زووتر جێبەجێكردن و چارەسەرکردنی گرفتەكان”، زەردەشت رەفیق وای وت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری