"کوژراوێک هەیە"

پۆلیسی راپەڕین 12 کەسی لەسەر شەڕەکەی حاجیاوا دەستگیر کردووە

964+

ژووری هەواڵ

پۆلیسی راپەڕین 12 کەسی لەسەر رووداوی شەڕە چەقۆ و تەقەکردنەکەی حاجیاوا دەستگیر کرد و دەڵێت، لە رووداوەکەدا کەسێک کوژراوە و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ شەممە 26.10.2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین وردەکاری رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شەڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان دوو بنەماڵەدا روویدا لە ئەنجامدا کەسێك گیانی لەدەست دا لە رەگەزی نێر، کە لەدایکبووی ساڵی 1991ـە و دانیشتووی حاجیاوای کۆنە، یەك شوێنەواری چەقۆ بە سەر جەستەیەوە دیارە.

دەشڵێت، لە رووداوەکەدا پێنج کەسی دیکە برینداربوون کە ئێستا لە نەخۆشخانەی گشتیی رانیە چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە و لەژێر چاودێریی پزیشکدان.

لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بە وتەی چەند شایەتحاڵێك رووداوەکە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە روویداوە لە نێوان دوو بنەماڵەدا کە خزمایەتی لە نێوانیادا هەیە.
دەشڵێت، تەرمی کوژراوەکە دوای پشکنینی توێکاری لە پزیشکی دادوەریی رانیە، رادەستی کەسوکاری کراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی رووداوەکەوە 12 کەس کە تۆمەتبارن بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

لە حاجیاوا شەڕەتەقە روویدا

لە حاجیاوا شەڕەتەقە روویدا