350 هەزار ئاوارەی ئێزیدی نایانەوێت بگەڕێنەوە شنگال

964+

توانا نەقی

فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێم، ئاماری ئێزیدییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، بەڕیوەبەری کاروباری ئێزیدییەکانیش لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵیت: باردۆخی شنگال خراپە و ئاوارەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە.  

لە ئامارەکەی فەرمانگەی میدیاو زانیاری هاتووە، 500 هەزار ئێزیدی لە عێراق بە هەرێمیشەوە نیشتەجێن، 360 هەزار ئاوارەن و 150 هەزار کەسیش گەڕاونەتەوە و 100 هەزار ئێزیدیش لە تاراوگە ژیان بەسەردەبەن.

هەروەها ئاماری رفێندراو لەلایەن داعشەوە شەش هەزار و 417 کەسە، رزگار بوو سێ هەزار و 550 کەسە، شەهیدکراو هەزار و 293 کەس، بێ باوک کراو دوو هەزار و 745 کەسە.

سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتی کارووباوری ئێزیدییان لە وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی964ی راگەیاند، لە پارێزگای دهۆک لە 15 کەمپدا 325 هەزار ئاوارەی شەنگال بوونی هەیە و رێگەیان بۆ کراوەیە کە بگەڕێنەوە بەڵام، بەهۆی باردۆخی ئەمنی و خراپی دۆخی شنگالەوە ناگەڕێنەوە.

وتیشی، تا ئێستا بەهۆی بونی هێزی چەکداری جۆراو جۆر لە قەزاکەدا و ناسەقامگیری ئەمنی و ململانێی سەربازی و سیاسی و ئیدارەدانی خراپ ئاوارەکان نایانەوێت جارێکی دیکە توشی کۆمەڵکوژی ببنەوەوناگەڕێنەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ کابینەی پێشوی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی موستەفا کازمی رێکەوتنیان لەسەر دۆخی شەنگال و ئاوارەکان و ئیدارەدانی قەزاکە کرد، بەڵام بەداخەوە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، سعود مستۆ، وادەڵێت.

لە هێرشی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان لە شنگال لە ساڵی 2014، زیاتر لە شەش هەزار کەس رفێندران و تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کەسیان گەڕێندراونەتەوە و ئەوانی دیکە بێسەروشوێنن، هەروەها چەندین خێزان ئاوارە بوون و بەهۆی خراپی دۆخی شنگالەوە نایانەوێت بگەڕێنەوە.