هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڕوات
بەریتانیا دەمێنێتەوە و رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ عێراق دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاشكرای كرد، هاوبەشییەكی نوێی ئەمنییان لەگەڵ عێراق دەبێت و پەیوەندییەكانیان بەهێزتر دەكەن.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ یەكشەممە لە راگەیاندراوێكدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویكردووەتەوە، ئەوەیان خستەڕوو، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی ئاسایشی عێراق و لە چەند مانگی داهاتوو پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەكانی پەرەپێدەدات، وەك گواستنەوەیەك بۆ قۆناغی هاوبەشییەكی نوێی ئەمنی و بەرگری.
ئەم راگەیاندراوەی بەریتانییەكان دوای ئەوە دێت، ماوەیەكی دیاریكراو بۆ كۆتاییهاتنی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دیاری كرا.
لە راگەیاندراوەكەدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، بەشێكی ئەو كارانەیان باس كردووە، كە لەوەتەی 2014 لە عێراق ئەنجامیانداوە، وەك راوێژ و هاوكاریی هێزەكانی عێراق بۆ سەركەوتنی بەسەر داعش لە ژێر سەرپەرشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
بەریتانیا دەڵێت، هێزەكانیان لە عێراق 111 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەكانیان مەشق پێكردووە، هەروەها 21 هەزار پێشمەرگەشیان مەشق پێكردووە و لەسەر چەندین كاری چاككردنەوە و كارامەیی تەندروستی و ئەندازیاری و بواری پووچەڵكردنەوەی بۆمب راهێنانیان پێكردوون.
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاشكرای دەكات، هێزە ئاسمانییەكانیان لە عێراق 10 هەزار فڕینیان كردووە و 1400 ئامانجیان پێكاوە، جگە لە چاودێری و هەواڵگریی ورد بۆ پاڵپشتیی هێزەكانی عێراق لەسەر زەویدا.
“بە ئازایەتی و كارایی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە و پابەندیی بەردەوامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، توانرا داعش لە عێراق تێكبشكێندرێت”، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا وادەڵێت.
رۆژی 27ی ئەم مانگە، عێراق و ئەمریکا راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لە بارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی (داعش) یان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کە لە ماوەى 12 مانگى داهاتوودا ئەرکەکانیان لە عێراق تەواو دەبێت.
بەپێى راگەیاندراوە هاوبەشەکە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 12 مانگی داهاتوودا کۆتایی بە ئەرکەکەى دێت و نابێت لە مانگی ئەیلولی 2025 تێپەڕ بکات.