گومان دەکرێت خنکابن
دوو مێردمنداڵ لە نزیک زێی خواروو بێسەروشوێن بوون
964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک
دوو مێردمنداڵ لە نزیک زێی خواروو (زێی بچووک) لە باشووری کەرکوک بێسەروشوێن بوون و گومان دەکرێت خنکابن.
لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممەوە 26.9.2024 دوو مێردمنداڵ لە نزیک زێی خواروو لە ناحیەی عەباسی سەر بە قەزای حەویجە بێسەروشوێن بوون و بە گومانی ئەوەی کە خنکابن، تیمەکانی مەلەوانی و خەڵکی ناوچەکە گەڕانیان دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ سۆراغێکیان نییە.
عەدنان مجبەل عوبەیدی مامی یەکێک لە مێردمنداڵەکان بە 964ـی وت، “دانیشتووی گوندی غەریبی سەر بە ناحیەی عەباسیـین ، برازاکەم کە پۆلی چواری ئامادەییە لەگەڵ هاوڕێکەی کە پۆلی یەکی ناوەندییە، لە دوێنی ئێوارەوە دیار نەماون و بێسەروشوێنن.”
“بە وتەی چەند شایەتحاڵێک دوێنێ ئێوارە لە نزیک رووبارەکە بینراون و دواتر ون بوون، لە دوێنێ شەوەوە، دوو تیمی مەلەوانی قەزای حەویجە و پردێ، لەنێو زێی خواروودا دەگەڕێن، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە”، عەدنان مجبەل وای وت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری