13 رۆژە مۆلیدەیان سووتاوە
500ماڵی گەڕەکێکی ئاکرێ بێ کارەبان
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە گەڕەکی شەهیدانی سەنتەری قەزای ئاکرێ 500 ماڵ نزیکەی دوو هەفتەیە کارەبای مۆلیدەیان نییە و تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراوە.
لە رۆژی 24.12.2023 مۆلیدەی ئەهلی گەڕەکەکە ئاگرت تێبەربوو بە تەواوەتی سووتاو هیچی لە نەمایەوە، کەچی تا ئێستا مۆلیدەی بەدیلی بۆ دانەنراوە و خەڵکی گەڕەکەکەش هەر بێ کارەبان.
صەباح سامان سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکانی ئاکرێ بە 964ـی وت، نزیکەی دوو هەفتەیە خەڵکی گەڕەکی شەهیدان بێ کارەبان و هۆکارەکەشی سووتانی مۆلیدەکان بووە، بەڵام خاوەنەکەی لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنەوەی شوێنی مۆلیدەکەن و دوو مۆلیدەی نوێی هێناوە بۆ گەڕەکەکە و چەند رۆژێکی تر کارەکانی تەواو دەبێت و کارەبا دەدەن بە هاوڵاتیان.
وتیشی، دواکەوتنی دانانی مۆلیدەکە پەیوەندی بە باران بارینەوە بووە کە خاوەنەکەی نەیتوانیوە شوێنی مۆلیدەکە دروستبکاتەوە، بۆیە ئێستا ئەوەندەی نەماوە و لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی دیکە کارەبای مۆلیدە دەگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیان.
مۆلیدەکانی گەڕەکی شەهیدان لە ئاکرێ زیاتر لە 1500ئەمپێری بۆ 500 ماڵی گەڕەکەکە دابینکردووە و خەڵکەکەی نزیکەی دوو هەفتەیە بێ کارەبان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی