تا ئێستا حەوت ملیار دینار فرۆشی هەبووە

پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی ریکۆردی پڕفرۆشترین دەشکێنێت

964+

ئەحمەد محەمەد- سلێمانی

پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوامبوو، رێكخەرانی پێشانگاكە دەڵێن “پڕفرۆشترین پێشانگا بووە”.

پێشانگاكە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ئەتڵەس رێكخراوە، بە چاودێری وەزارەتی رۆشنبیری، بایی زیاتر لە حەوت ملیار دینار كتێبی سەرجەم بوارە جیاوازەكانی تیادا فرۆشراوە .

شەوقی عومەر، جێگری بەڕێوەبەری پێشانگاكە بۆ 964 وتی: “رۆژانە زیاتر لە 50 هەزار كەس سەردانی پێشانگاكەی كردووە و بێ جیاوازی زۆربەی كتێبەكان فرۆشیان باشبووە، ناتوانین كتێبێك بەتەنیا دیاری بكەین، بەڵكو زۆربەیان خواستی باشیان لەسەربووە”.

هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد، “رۆژانە لە سەرووی نیو ملیار دینار زیاتر كتێب فرۆشراوە، رۆژ هەبووە فرۆشمان نزیك بووەتەوە لە ملیارێك دینار “.

لەم پێشانگایەدا بە هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دیکە 200 دەزگای چاپ و پەخش لە 20 وڵاتەوە بەشدارن، 10 كۆنتێنەر كتێب گەیشتووەتە پێشانگاكە، چوار ملیۆن كتێب بە 500 هەزار ناونیشان لەخۆدەگرێت.
پێشانگاکە لە 11/23 تا 12/2 بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە: موحسین عومەر