هه‌ڵبژارده‌ی عێراق مه‌دالیای زێڕی له پاڵه‌وانیه‌تیی عه‌ره‌بی به‌ده‌ستهێنا
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
هه‌ڵبژارده‌ی پایسكلسواریی عێراق له پاڵه‌وانیه‌تیی وڵاتانی عه‌ره‌بی له ئیمارات، له ئاستی كوڕان و كچاندا چه‌ند مه‌دالیایه‌كی جۆراوجۆری به‌ده‌ستهێناوه.
پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه رۆژی 18ـی ئه‌م مانگه له شاری شاریقه‌ی ئیماراتی ده‌ستی پێكرد و ئه‌مڕۆ كۆتایی دێت.
عه‌بدولقادر نوره‌ده‌ین ئه‌ندامی یه‌كێتیی پایسكلسواریی عێراق و ئه‌ندامی شاندی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ ئیمارات، ئه‌نجام و زانیارییه‌كانی تیپه‌كه‌ی به 964+ دا.
ئه‌و وتی: “یاریزانی لاوی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق وه‌هبی سلێمان له ركابه‌ریی “تاك دژی كاتژمێر – 20 كیلۆمه‌تر” توانی مه‌دالیای زێڕ به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌روه‌ها تیپی پێشكه‌وتووانی هه‌ڵبژارده‌كه له ئاستی تیپه‌كانی تازه‌پێگه‌یشتووان پله‌ی سێیه‌م و مه‌دالیای برۆنزیان برده‌وه”.
هه‌روه‌ها یاریزان داهات كاوه له ئاستی كچاندا له ركابه‌ریی تاكی كچان بۆ 20 كیلۆمه‌تر، مه‌دالیای زێڕی برده‌وه.
به پێی وته‌ی عه‌بدولقادر نوره‌دین، هه‌ڵبژارده‌ی تازه‌پێگه‌یشتووانی عێراق له پێشبڕكێی گشتیدا پله‌ی یه‌كه‌م و مه‌دالیای زێڕی برده‌وه، هه‌روه‌ها یاریزان ئه‌حمه‌د زوهێر له ركابه‌ریی “تاك” مه‌دالیای زێڕی به‌ده‌ستهێنا.
نوره‌دین وتی: “ئه‌مڕۆ پێشبڕكێی پایسكلسواری ناوچه‌ی شاخاوی “جه‌به‌لی” ده‌ستپێده‌كات، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یاریزانانی عێراق ئه‌نجامی باش به‌ده‌ست بهێنن.
له پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقدا له پاڵه‌وانیه‌تیی عه‌ره‌بی، دوو راهێنه‌ر و چه‌ند یاریزانێك له ئاستی كوڕان و كچاندا كوردن و پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی تیپه‌كان پێكده‌هێنن.
پاڵه‌وانیه‌تیی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ پایسكلسواری به به‌شداریی هه‌شت هه‌ڵبژارده ئه‌نجام درا و ئه‌مڕۆ كۆتایی دێت.