90 ملیۆن
بە لێدانی دوو بیری ئاو 620 خێزان دەحەسێنەوە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
ئەمرۆ کۆتایی بە لێدانی دوو بیری ئاو هات لە دوو ناوچەی جیوازی سنووری قەزای بەردەڕەش، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەکەوێتە خزمەت هاوڵاتیان.
لە گوندی حەسەنی لە سنووری ناحیەی رۆڤیا و سەنتەری ناحیەی دارەتوو لە سنووری بەردەڕەش، دوو بیرەکە لێدراون و کێشەی ئاوی ئەم دوو ناوچەیە بۆ ماوەی ساڵێک کۆتایی دێت.
رێبەر نازم، بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش بە 964ی وت، بیرەکەی ئاوی گوندی دارەتوو پارساڵ و ئەمسالیش ئێمە کەشفمان لەسەرکردبوو، چونکە تاکە بیرە لە گوندەکە و وشک ببوو، ئێمە لە رێگەی قایمقام و پارێزگای دهۆک داوامان کردبوو کێشەکەیان چارەسەر بکرێت، ئەمساڵ بە خۆشحاڵییەوە رەزامەندی لەسەر درا و هەڵکەندنی بیرەکە کۆتایی هات و چەند رۆژیکی دیکە دەکەویتە خزمەتی هاوڵاتیان.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەولێر: بیرلێدانی نایاسایی زیادی کردووە
وتیشی، بیری گوندی حەسەنی لە سنووری رۆڤیا، چەندین ساڵە تیمی بیرەکە گیریان خواردبوو، ئاو کەم بوو، ئاگاداری ئەم کێشەیە بووین، بۆیە بۆ ماوەیەکی کاتی لە گوندی حەسەنی و هەروەها گوندی دارەتوو چارەسەرێکمان دۆزییەوە، بەڵام ئێستا چاوەڕوانیی کۆتایی هات و دوو بیری نوێ لێدران، کە لە گوندی دارەتوو نزیکەی 500 خێزان سوودمەند دەبن، لە گوندی حەسەنیش 120 خێزان.
هەردوو پرۆژەکە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی پلاندانان لە ساڵی 2022 ئەنجام دراون، بەڵام ئەمساڵ بودجەکە تەرخان کراوە، بۆ بیرەکەی گوندی حەسەنی زیاتر لە 41 ملیۆن دینار بووە، ئەوەی گوندی دارەتووش زیاتر لە 49 ملیۆن دینار بوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا