سەرۆک شارەوانی رزگاری: بازاڕێکی مۆدێرن دروستدەکەین

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

بچوکی رووبەری بازاڕی رزگاری، ھاوڵاتی و کاسبکارانی نیگەران کردووە، داوا دەکەن بازاڕەکەیان بۆ فراوان بکرێت، شارەوانی ناحیەکەش پلانی وایە، بازاڕێکی مۆدێرن دروستبکات.

بازاڕی ناحیەکە تەنھا سێ کۆڵانە نزیکەی 100 دوکانن، بەشێکی زۆریان پێش ساڵانی 2000 دروستکراون.

دوکاندارێکی بازاڕەکە دەڵێت، ئەم بازاڕە تەنھا دوو قوماش فرۆشی ژنی تێدایە، ئەگەریش ژنان لە بازاڕ نەبن بازاڕەکە چۆڵەبێت.

ھیوا نەسرەدین، ماوەی زیاتر لە پانزە ساڵە دوکانی لەناو بازاڕی ناحیەی رزگاری ھەیە بۆ 964 باسی لەوەکرد، “بازاڕەکە زۆر بچوکە لەچاو ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکە، بەهۆی کەمی رووبەریشەوە، بازاڕەکە ڕووە لە ناوچوونە، ئەگەر بازاڕەکە فراوانتر بکرێت و دوکانی ھەموو بابەتێکی تێدابێت خەڵکی زیاتر دێنە بازاڕەکە”.

بەشێك لە گەڕەكەكانی رزگاری كێشەی کەمئاوییان هەیە

بەشێك لە گەڕەكەكانی رزگاری كێشەی کەمئاوییان هەیە

ئەمرۆ یەکشەممە 24.9.2023، ئەرسەلان ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاری بە 964ى وت، پلانیان ھەیە بازاڕێکی نوێی مۆدێرن لە پشتەوەی ئەو بازاڕەی ئێستا دروست بکەن و بازاڕی ناحیەی زگاری فراوانتر بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەکە لە نەخشەدانانە، دوای تەواوکردنی رێکارەکانی دەست بە دروستکردنی دەکرێت.

ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلارە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 65 ھەزار کەس دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا