ئەگەر ماتۆڕی ئاوت بۆ زەویە دێمەکەت داناوە چاوەڕێی سزابە

964+

هونەر فارس – گەرمیان

ئاودێریی گەرمیان ئەو جوتیارانە ئاگادار دەکاتەوە کە بە ماتۆڕ ئاو بە زەوییە دێمەکانیاندا دەگەیەنن، ئەگەر ماتۆڕەکانیان لانەبەن سزایان دەدەن.

بڕیارەکە سەرجەم جوتیارانی ئەو گوندانە دەگرێتەوە کە دەکەونە سەر پرۆژەی ئاودێریی باڵەجۆ و شێخ لەنگەر لە سنووری ئیدارەی گەرمیان.

964 دەزانێت، ئەو جوتیارانەی کە زەویەکانیان دێمە و ئاویان پێیان ناگات، لە رێگەی ماتۆڕەوە ئاو بە زەویەکانیان دەگەیەنن، بەشی زۆریشیان لەم وەرزەدا زەویەکانیان بە بەرهەمی قەڕنابیت و پەتاتە چاندووە.

مەحمود محەمەد ئەنجومەنی گوندی دەورە بە 964ـی وت، بەشێک لەو جوتیارانە لە شارەوە گەڕاونەتەوە و بژێوی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵە، دەشپرسێت ئەگەر ئەوە نەکەن چی بکەن؟.

لەو بارەیەوە، موئەیەد ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکە بۆ گەیاندنی ئاوە بەو گوندانەی دیکە، کە دەکەونە خوارووی پرۆژەی ئاودێریی باڵەجۆ و شێخ لەنگەر.

جەختیشی کردەوە، ئەو جوتیارانەی کە باخیان هەیە و دوو ئینج ئاو بۆ ئاودانی باخەکانیان دەبەن، رێگرییان لێ ناکرێت، بەڵام ئەو ماتۆڕانەی ئاو بە زەویە دێمەکان دەگەیەنن، سەرباری دەستبەسەرکردنیان، حەوت ملیۆن دیناریش غەرامە دەکرێن.

964 دەزانێت، بڕیارەکە ماوەی هەفتەیەکی بەسەردا تێپەڕیوە، بەشێک لە جوتیاران بۆ وشکنەبوونی بەروبوومە کشتوکاڵیەکانیان و لە ترسی هاتنی لیژنە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕەکان، بە نهێنی بەروبوومەکانیان ئاو دەدەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم: ئاومان لەسەر عێراق نەگرتووەت...

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم: ئاومان لەسەر عێراق نەگرتووەتەوە

تا ئێستاش ئاوى سیروان فریادڕەسى كه‌لاره‌

تا ئێستاش ئاوى سیروان فریادڕەسى كه‌لاره‌