دوای ماوەیەک چاوەڕوانی یانەی پێشمەرگە جامەکەی وەردەگرێت

964+

هێژا خەسرەو ـ هەولێر

دوای ئەوەی بڕیاری خەرجکردنی پارە بۆ خولەکانی کوردستان دەرچوو، تاریق عەبدولرەحمان سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەڵێت، دوای وەرگرتنی پارەکە یانەی پێشمەرگەی هەولێر، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان خەڵات دەکەن و دوای ئەوە راستەوخۆ کاتی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێش رادەگەیەنن.

وەرزی رابردوو یانەی پیشمەرگەی هەولێر لە خولی نایابی کوردستان بووە پاڵەوانی خولەکە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە نە پارەیان بۆ خەرجکرا و نە جامەکەیان پێدرا.

تارق عەبدولرەحمان لەسەر ئەم بابەتە تایبەت قسەی بۆ 964 کرد وتی، “لەسەرەتای مانگی داهاتوودا یانەی پێشمەرگەی هەولێر خەڵات دەکەین، راستەوخۆ دوای خەڵاتکردنەکە ئەو کاتە رایدەگەیەنین کە خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکاتەوە، کە داهاتوویەکی زۆر زووە”.

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئەوەش دەڵێت، “بڕیار لەسەر خەرجکردنی پارە بۆ خولەکان دراوە، بەڵام دیار نییە کەی بەدەستمان دەگات، لەبەر ئەوە بێدەنگین، بە هیواین زوو رێکارەکانی خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیە تەواو بێت بۆ ئەوەی ئێمەش دەستوبرد بکەین لە ئەنجامدانی یارییەکان”.

تارق عەبدولرەحمان دەڵێت، “یارییەکانی جامی کۆنیفا بەشێکە لە خەمی ئێمە، کاتمان لەبەردەست نییە و دەبێت ئامادەکاری بکەین، بۆ ئەوەی خولی نایابی کوردستان لە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو کۆتایی بێت، دەبێت هەڵبژاردەی کوردستان بە باشترین شێوە ئامادە بکەین”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی