قەرەباڵغی دابەشکردنی بەنزین کەوتە کەرکوکیشەوە

964+

کاروان ساڵحی

دوو رۆژە بەنزینخانەکانی کەرکوک زۆر قەرەباڵغن و شۆفێران لەسەرەدا دەمێننەوە بۆ وەرگرتنی بەنزین.

بەرپرسانی شارەکە دەڵێن، کەمی بەنزین نییە بەڵکو میکانیزمی دابەشکردنەکەی بووەتە کێشە و گرفتی قەرەباڵغی دروستکردووە.

ئێستا لە شاری کەرکوک تەنیا هەشت بەنزینخانەی حکومی بەنزین دابەشدەکەن، وەزارەتی نەوتی عێراقیش گۆڕانکاری بەسەر ئالیەتی دابەشکردنی بەنزینی حکومیدا هێناوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک تایبەت بە 964ـی وت، هۆکاری قەرەباڵەغیەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوو بەش یەکەمیان لە دەرگای بەنزینخانەکان لێکۆڵینەوە لە کۆبۆن و ساڵانامەکە دەکرێت کە دەبێت وەکو یەک بێت،

هۆکاری دووەم پێشتر حکومەت خۆی بەنزینی 450 دیناری دەدە بە بەنزینخانەکان، ئێستا دەبێت خاوەن بەنزینخانەکان خۆیان بڕۆن لە پاڵاوگەی بێجی بیهێنن ئەوەش کاتی زۆر پێویستە.

وتیشی، لەو هەشت بەنزینخانە حکومییە دووانیان 24 کاتژمێر کراوەیە، هەروەها 75 بەنزینخانەی ئەهلیش بوونی هەیە.