بە تەواوبوونی کارگەیەک لە چەمچەماڵ 500 هەلی کار دەڕەخسێت
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
بە تەواوبوونی کارگەی ریسایکلینی چەمچەماڵ هەلیکار بۆ 500 گەنج دەرەخسێنێت،بەڵام تاوەکو ئێستا نیوەتی کارەکانی تەواو بووە.
کارگەی ریسایکلینی چەمچەماڵ، هەڵکەوتەی جوگرافیەکەی دەکەوێتە نێوان ناحیەی تەکیەی کاکەمەند و قەزای چەمچەماڵ، لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کارەکانی ئەنجامدەدرێت، بەڵام کارگەیەکی حکومیە.
کۆمپانیای شکار بۆکاری پاکردنەوەو هەڵگرتنی خۆڵ و خاشاکی قەزای چەمچەماڵ، قەزای دووکان، قەزای بازیان و شارۆچکەکانی لەئەستۆدایە و هاوکات جێبەجێکاری کارگەی ریسایکلینەکەی چەمچەماڵە.
ئەم کارگەکەیە یارمەتیدەرێکی گرنگی ژینگەی چەمچەماڵ و قەزای دوکان و 21 شارەوانی دەبێت و رۆژانە لەتوانای دادەبێت بری 500 تۆن زبڵ و خاشاک ریسایکل بکاتەوە لەسنووریئەو شارەوانیانەدا.
سەرچاوەیەک لەکۆمپانیای شکار کە جێبەجێکاری کارگەکەیە بە 964ـی وت، تێچوی گشت پڕۆژەکە بایی 15ملیار دینارە 552 ملیون دیناری لەسەر حسابی حکومەتی هەرێمە
وتیشی، “ئێستا دەتوانین لەماوەی هەشت مانگدا تەواوی کارەکانی تەواو بکەین، لەماوەی پێشودا بەهۆی بەرزبونەوەی دۆلار بەرانبەر دینار و نەبوون و کەمبوونەوەی سیوەلەی نەقدی لە بانکەکانی سلێمانی نەمانتووانیووە کارەکانی تەواو بکەین”.
ئارام نەجات سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، ئەم کارگەی ڕیسایکلینە زۆر گرنگە بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی چەمچەماڵ و هەلی کار بۆ 500 گەنج دەڕەخسێنێت و رۆژانە بڕی 500 تۆن زبڵ و خاشاک ریسایکل دەکات، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایەوە ماوەی دوو ساڵە کارەکانی بەتەواوی ڕاگیراوە.
کرگەی ریسایکلینی چەمچەماڵ لەساڵی 2017 بەردی بناغەی دانرا و وابڕیاربوو لەماوەی سێ ساڵدا تەواو بکرێت بەڵام دواتر بەهۆی قەیرانی دارایەوە وادەی تەواوبونی کارگەکە درێژ کرایەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی