لوسی لێتبی؛ مەترسیدارترین جەللادی منداڵە ساواکان
964+
ژووری هەواڵ
مەترسیدارترین جەللادی منداڵە ساواکان ئەو وەسفەیە کە دادگاکانی بەریتانیا داویانەتە پاڵ لوسی لێتبی، ئەو پەرستارەی حەوت منداڵی کوشت و هەوڵیدا شەشی دیکەش بخنکێنێت.
ساڵی 2016 باوک و دایکێک سکاڵایان لە نەخۆشخانەی چێستەر کرد لە باکوری رۆژئاوای بەریتانیا، وتیان منداڵە تازەلەدایکبووەکەمان هیچ گرفتێکی نەبووە، وەکو گوڵێکی تازە پشکتوو گەشاوە بووە و شیری خواردووە، لە راپۆرتی دکتۆرەکانیشدا هاتووە کە ساغ و سالم و سەلامەتە، ئەی بۆچی کتوپڕ تەلەفۆنتان بۆ کردووین کە منداڵەکەمان مردووە؟
ئەمە بووە هۆی ئەوەی ئیدارەی نەخۆشخانەکە و پۆلیس دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن و کەیسی منداڵە مردووەکانی دیکەش هەڵبدەنەوە.
هەموو سەرەداوەکان بەرەو ئەوە دەچوون کە مردنی چەند منداڵێک ئاسایی نین، چونکە بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکانی کاتی لەدایکبوونیان دەبوو ئێستا لە ژیاندا بن.
بۆیان دەرکەوت هەندێک لە منداڵەکان لە رێگەی لێدانی دەرزیی ئەنسۆلینەوە، هەندێکی تر بە سرینج هەوا کراوەتە لەشیانەوە، یەک دوانێکیش بە زۆر شیریان پێدراوە تاوەکو خنکاون.
دوای دوو ساڵ لە لێکۆڵینەوە و لە تەمموزی 2018، پۆلیس لوسی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرد.
رۆژی هەینی، 18.8.2023، دوای 10 مانگ لە دادگاییکردنی، دادگای شاهانەی مانچێستەر تۆمەتەکانی بەسەر پەرستارە 33 ساڵەکەدا ساغکردەوە بەڵام هێشتا ماوە بڕیار لەسەر سزاکەی بدرێت.
کاتێک لوسی دەستگیرکرا پارچە کاغەزێک لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە، تیایدا نووسرابوو، “ئەوانم بە ئەنقەست کوشت، چونکە من وەکو پێویست باش نیم بۆ چاودێریکردنیان، من کەسێکی زۆر شەڕەنگێز و خراپم. بەڵێ من شەڕەنگێزم”.
ئەوەی جێی سەرنجە، تاوەکو ئێستا نە دادگا، نە پۆلیس و نە توێژەرەکانی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە نەیانتوانیوە هیچ بەڵگەیەک بدۆزنەوە کە ئەو ژنە گرفتی دەروونی هەبێت.