گرژیەكانی پارتی و یەكێتی دانیشتنەکانی پەرلەمان پەک دەخات
+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
گرژییەکانی پارتی و یەکێتی کاریگەری لەسەر دانیشتنەکانی پەرلەمان دروست کردووە، فراکسیۆنی یەکێتی، بایکۆتی دانیشتنەکانی کردووە، فراکسیۆنی پارتیش دەڵێ؛ قسە ناکەین با دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت.
بڕیاربوو سێشەممەی رابردوو، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بایکۆتی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، دەستەی سەرۆکایەنی پەرلەمان، کارنامەی دانبیشتنی پەرلەمانیان رانەگەیاند.
+964 لەسەر بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان، پەیوەندی بە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستانەوە کرد، بەڵام ناوبراو بە پاساوی ئەوەی تەندروستی خراپە، نەیویست قسە بکات، وتی “هەڵی گرە بۆ کاتێکی تر”.
لای خۆیەوە سیروان بابان، ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بە +964ـی راگەیاند؛ وا بڕبار بوو رۆژی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، بەڵام “لەسەر داوای یەكێتی كۆبونەوەكە دواخراوە بۆ ئەوەی ئاڵۆزیەكان زیاتر نەبن، هەرچەند كارنامەی دانیشتنەكان بۆ چەند شتێكی دیكە بوو”.
زیاتر وتی “ئەو ئاڵۆزیانەی لەنێوان یەكێتی و پارتی هەیە، كاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی دروستكردووە و كاریگەری لەسەر پەرلەمانیش دروستكردووە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ـی کانونی یەکەم، ئالینا رۆمانوۆسكی باڵیۆزى ئهمهریكا له عێراق، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمی كوردستان و جێگرى سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان کۆبووەوە، هەر ئەمڕۆش لە سلێمانی لەگەڵ قوباد تاڵهبانى، جێگری سهرۆك وهزیرانى ههرێمی كوردستان كۆبوەوە.
هەر لەسەر ئەو پرسە پەیوەندیمان كرد بە زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیەوە بەڵام بەردەست نەبوو.
بەهمەن كاكە عەبدوڵا، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە +964ـی وت؛ ئێستا نامانەوێت هیچ قسەیەك لەسەر ئەو پرسە بكەین بۆ ئەوەی ئاڵۆزتر نەبێت.