دی ئێن ئۆ بەرھەمھێنانی نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ دەستپێکردەوە

+964

هاوبەش ئەبوبەکر

لە دوای راگرتنی بۆ ماوەی چوار مانگ، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی بەرھەمھێنانی نەوتی لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ، لە سنوری ئیدارەی زاخۆ دەستپێکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.8.2023، کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆ رایگەیاند، دەستکراوەتەوە بە بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ و بەشێکی ئەو نەوتەی رۆژانە بەرھەمی دەھێنن لە رێگەی تانکەرەوە دەفرۆشرێتە کۆمپانیا ناوخۆییەکان.

کۆمپانیاکە دەڵێت، ئێستا توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە، 40 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە و نیوەی رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و نیوەکەی دیکەشی بە تانکەر دەگوازێتەوە و بە کۆمپانیاکانی ناوخۆی دەفرۆشێت.

دی ئێن ئۆ دەڵێت، هۆکاری راگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، بەڵام لە مانگی رابردووەوە بەرهەمهێنان دەستیپێکردووەتەوە.

لە رێکەوتی 25.3.2023، دوای یەکلاییبوونەوەی سکاڵایەک لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا راگیرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک کۆمپانیا بەرھەمھێنانی نەوتی لە کێلگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان رابگرن.

کێڵگەی پێشخابووریش کە نزیکە لە کێڵگەی تاوکێ، بەدەست دی ئێن ئۆوەیە، بەڵام هێشتا کۆمپانیاکە لەو کێڵگەیە دەستی بە بەرهەمهێنان نەکردووەتەوە.

“هەرچەندە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە، هیچ ئاسۆیەکی روون بەدی ناکرێت، بەڵام ژمارەی زیاتر لە جاران تانکەر دێن بۆ بارکردنی ئەو نەوتەی لە کێڵگەی تاوکێ بەرهەم دێت”، بیژەن موسەوەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تاوکێ وای وت.