تیمی یەکێتی لە حکومەت: حكومەت بێڕێزیمان پێدەكات

+964

كوردستان ئەحمەد- هەولێر

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت یەكێتی بایكۆتی شاندی هەرێمی كردووە بۆ سه‌ردانی به‌غدا، یەكێتیش دەڵێت، حكومەت تاكڕەوانە بڕیار دەدات.

ئەمڕۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی پێشانداوە، به‌ ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ مووچی مانگه‌كانی ١١ و ١٢ی ئه‌مساڵ.

شاندی حكومه‌تی هه‌رێم ئێواره‌ی پێنجشه‌می رابردوو گه‌یشتنه‌ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، بەڵام تیمی یەكێتی لە حكومەت بەهۆی بایكۆتەوە هیچ كەسێكیان لە شاندەكەدا نەبوو.

تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ وەڵامی بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دایەوە و دەڵێن، حكومەت تاكڕەوانە بڕیار دەدات و بێرێزی بە تیمەكانمان دەكات.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێن “ڕەوا نییە ماندوبوونەكانی هەموو لایەك بەهەند وەرنەگیرێت و بەدەستكەوتی تایبەت باسیان بكرێت، حكومەت له‌و بابەتانەش وەک هەمیشە تاکڕەوەی دەچەسپێنێت و راستییەكان پەراوێز دەخات”.

دەقی راگەیەندراوەکە
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بریاریدا لەسەر خەرجکردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای برگەی ٢٣/ج لە رێککەوتنی سیاسیی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق، کە زۆربەی لایەنە سیاسیەکان ئیمزایان لەسەر کرد و بە راگەیاندنی هاوپەیمانییەتییەک بە ناوی ئیدارەی دەوڵەت و رێککەوتنەکە بووە کارنامەی کابینەی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی و متمانەی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.

لە ئێستادا بڕگەکانی ئەو رێککەوتنە کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و لەناویاندا پرسی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢.‎


هەر دەستکەوتێک بۆ گەلەکەمان بێت، جێی شانازیی و پێزانینی زۆرە لەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئیدی هەرکەس ولایەنێک بەئەنجامی گەیاندبێت.


تیمە وەزارییەکەی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، هەمیشە داکۆکیکردن لە مافی هاوڵاتیان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی زانیوە، بۆیە بە گەرمی پێشوازی لە بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیار بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین.

هەر بۆیە تیمی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە پێویستی زانی هەندێک زانیاری دروست بڵاو بکاتەوە.

یەکەم: شاندی دانووستانی حکومەتی هەرێم کە ئێستا لەبەغدادە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێکهاتووە، گەڕی یەکەمی دانووستانەکان بۆ ماوەی یەک هەفتە بە سەرۆکایەتی دکتۆر دارا رەشید وەزیری پلاندانان و ئەندامیەتی دکتۆر ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانە، کە هەردووکیان لە تیمی یەکێتیین لەگەڵ بەڕێزەکانی تری وەفدەکە.

دووەم: ئەم ٤٠٠ ملیارە لەسەر بنەمای رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتە، کە حکومەتی عێراقییان پێک هێنا بە سەرۆکایەتی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، بۆ وەبیرهێنانەوەش هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە چەند ڕۆژی رابردوو لە ماڵی سەرۆک مام جەلال لە بەغداد کۆبوونەوە.

‎سێیەم: دیاری کردنی بڕی ٤٠٠ ملیارەکەش بۆ مانگی ١١ و ١٢ی ٢٠٢٢، لەسەر بنەمای یاسای بودجەی ٢٠٢١ بووە، کە ئەوکات شاندی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ حکومەت و پەرلەمانی عێراق رێککەوتن و لە یاسای بودجەی ئەو ساڵە جێگیر کرا و ئێستاش لەسەر ئەو بنەمایە ئەو پارەیە دیاری کرا، لە رێککەوتنی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت و دواتر حکومەتی عێراقی خستییە بواری جێبەجێ کردنەوە، وەک هەموو بڕگەکانی تری رێککەوتنەکە.‎

لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە، كه‌ مایەی دڵخۆشی ئێمە و دەستخۆشییەکی زۆرە بۆ حکومەتی فیدراڵ و هەموو ئەو کەسانەی بەشدار بوون لە دەرچواندنی ئەم بڕیارە راست و درووستە، بەڵام کارێکی ناڕەوایە بکرێتە دەستکەوتی تاکە کەس و لەم بابەتانەش وەک هەمیشە تاکڕەوەی بچەسپێندرێت بە پەراوێزخستنی راستییەکان.‎ ئێمە بەتوندی راگەیەندراوەکە، کە بە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە دەربارەی ٤٠٠ ملیار دینارەکە رەت دەکەینەوە، چونکە ئەوەی باس کراوە لەو راگەیەندراوە، بێڕێزیە بەرامبەر تیمەکەمان.

ئێمە وەک بەشێکی سەرەکی ئەم حکومەتە رایدەگەیێنین، كه‌ بە هیچ شێوەیەک ئەوە راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دووبارە تەعبیرکردنە لە رای یەک حزبی ناو حکومەت، هەر ئەو جۆرە تاکڕەویەشە کە ئێمەی نیگەران کردووە و وای لێ کردووین هەڵوێستمان هەبێت.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندراوێكی له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی خۆیدا بڵاو كرده‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ هیچ وه‌زیرێكی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌نه‌بوون سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن.

ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌م شێوه‌یه‌ بوو:

لە ئەنجامی دانوستانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ، سەرۆک وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ بڕیاریدا پشکی هەرێم بۆ هەردوو مانگی 11 و 12 ی ئەمساڵ کە دەکاتە 400 ملیار دینار بنێرێت.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بەغدایە، بە ڕاسپاردە و ڕێنوێنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستی بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردەوە و تائێستاش لە بەغدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان
.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

جێی باسە بە هۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی حکومەتەوە، هیچ وەزیرێکی یەکێتی بەشداری لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکرد و ئامادە نەبوون سەردانی بەغدا بکەن.