کۆمپانیا نەوتییەکانی ھەرێم داوادەکەن گرێبەستەکانیان بخرێتە یاسای نەوت و غازەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

کۆمپانیا نەوتییەکانی ھەرێم، داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، گرێبەستەکانیان بخرێنە ناو یاسای نەوت و غازەوە و بە یاسا دانیان پێدا بنرێت.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە رۆژی یەکشەممە 13.8.2023 بڵاویانکردووەتەوە، کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، بودجەی نوێی عێراقی فیدراڵ داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات، بۆ بەدیهێنانی ئەمەش هەرێمی کوردستان پشت بە بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگانە دەبەستێت کە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەی دەبەن.

دەشڵێن، بۆ داهاتووی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و ئەو ژمارە زۆرەی هەلی کار، کە ئەوان رەخساندوویانە، گرنگە گرێبەستە نەوتییەکان بخرێنە ناو یاسای نەوت و غاز و هەر رێکەوتنێکی نوێوە، کە تێیاندا وردەکارییەکانی تێچوون و قازانج روون بکرێنەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم، رێکەوتنەکانیان پشتئەستوورە بە یاسایەکی نێودەوڵەتی، کە لەلایەن دادگای ناوبژیوانیی لەندەن دەرکراوە.

“سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنی و جیۆلۆجییەکانی ناوچەکە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکانی ھەرێم لە نزیکەی هیچەوە گەشەی کردووە و لە ماوەی 15 ساڵدا و بەرهەمهێنانی نەوتی گەیاندووەتە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا”، کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم وا دەڵێن.

دەشڵێن، “ئەم سەرکەوتنە بە ئاسانی نەهاتووەتە ئاراوە، بە سەدان ملیۆن دۆلارمان خەرجکردووە بۆ پڕۆژەی گەڕان، هەموو ئەمانە بەبێ هیچ تێچوون و مەترسییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان”.