دهۆک.. وێستگەیەکی ئاو سووتا

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر وێستگەی بۆڕییەکی ئاوی وێستگەی ماسیکێ لە سەرچاوەکەیەوە سووتاوە و دوو گەڕەکی بێ ئاو کرد، هاوکات شکانی بۆڕییەکی تری ئاو سێ گەڕەکی تری بێ ئاو بوون.

لە دوو کاتی جیاواز و ناوچەی جیاواز، دوو بۆڕی ئاو لە دهۆک دەشکێن و دەسووتێن، بەهۆیەوە پێنج گەڕەک بێ ئاو دەبن.

سووتانی پووش و پاوانی دەوروبەری گەڕەکی ماسیکێ لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و بەهۆیەوە بۆڕی ئاوی وێستگەی ماسیکێ دەسووتێت.

رووداوەکەی شەوی رابردوو، بۆڕییەکە پلاستیکی بووە و لەسەر زەوی بووە و نەخراوەتە ژێر خاک، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی نیولاند و ماڵتای خواروو بێ ئاو بن.

هەر ئەمڕۆ، بۆڕی ئاوی ئیتیتێ، لە گوندی ئیتیتێ شکاوە و بەهۆیەوە دانیشتووانی گەڕەکەکانی چوارگۆشەی زێڕین، قوتابخانەی هۆشەنگ و گوندی ئیتیتێ بێ ئاو بوون.

ڤەگێر ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاوی دهۆک بە 964ی وت، لە سووتانی بۆڕییە ئاوەکە ئاگادار نەبووین، ئەمڕۆ خەڵکی گەڕەکەکە ئێمەیان ئاگادار کردەوە و ئێستا تیمەکانمان هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن و دەیانەوێت ئەو بەشەی بۆڕییە پلاستیکیەکە بگۆڕن.

لەبارەی بۆڕی ئاوی گوندی ئیتیتێ کە بەیانی ئەمڕۆ شکاوە و تاوەکو ئێستا چاک نەکراوەتەوە، بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک دەڵێت؛ لە رێگەی 964ـەوە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاگادار دەکەینەوە کەوا چەند کاتژمێرێک بێ ئاو دەبن.

وتیشی “هەوڵدەدەین هەر ئەمشەو کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەین و بەیانی ئاویان بۆ بەربدەینەوە”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق