هەرێم بۆ بنبڕکردنی بەفیڕۆچوونی ئاو پەنا بۆ یابان دەبات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی هەرێم چاوی لە دەستی کۆمپانیایەکی یابانییە بۆ ئەوەی لە رێگەی سیستمێکەوە بەفیڕۆدانی ئاو بنبڕ بکات، ئەگەر سەربگرێت ئیتر شۆردنی بەر دەرگا نامێنێت و دەبێت هەموو ماڵێک تەواف لە تانکی سەربان ببەستن.

ئەمڕۆ هەینی 11.80.2023، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، رێژەی 25% بۆ 42%ـی ئاوی پارێزگاکانی هەرێم بەفیڕۆ دەچێت و بە دانانی ئەم سیستمە بە رێژەی 90% بەفیڕۆدانی ئاو کەمدەبێتەوە.

سەرەتا لە چەند گەڕەکێکی هەولێر سیستمەکە جێبەجێ دەکرێت

“لەگەڵ ئاژانسی جایکای یابانی لەسەر خەتین بۆئەوەی بگەین بە لێکتێگەیشتنێک تاوەکو راوێژکار و بودجەی پێویست بۆ دانانی ئەو سیستمە لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دابین بکەین، دواتریش ئەم ئەزمونە دەگوازرێتەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکەی هەرێم”، ئاری ئەحمەد وای وت.

بەپێی پرۆژەکە، لەنێو هەموو خەزانەکانی دابەشکردنی ئاو و لەنێو هەر ماڵێکدا پێوانەی ئاو دادەنرێت، بڕی ئەو ئاوەی کە بە پێوانەی خەزانەکان و بە پێوانەی ماڵەکاندا رۆشتووە دیاریدەکرێت و “بەمەش بڕی ئاوی بەفیڕۆچوو دەزانرێت”.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 14 هەزار هاوبەشی ئاو هەن و هەر هاوڵاتییەک رۆژانە زیاتر لە 350 لیتر ئاو سەرف دەكات و نرخی هەر مەتر سێجایەکیش لەسەر حکومەت 400 دینارە.