لە پیرەمەگروون سێ ئەندامی یەک خێزان کوژران

964+

ژووری هەواڵ

بە قسەی شایەتحاڵێک لە پیرەمەگروونەوە بۆ 964، پیاوێک هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵێک و سێ ئەندامی یەک خێزانی کوشتووە یەکێکی دیکەشی بریندارکردووە.

ئەو شایەتحاڵە وتیشی، سێ کوژراوەکە دوو برا و برازایەکن، بریندارەکە هاوسەری یەکێک لە کوژراوەکانە، لە کاتی نان خواردنی ئێوارە هێرشکراوەتە سەریان.

بەکر عەبدولکەریم بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون ئەو زانیاریانەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، کێشەکە کۆمەڵایەتی بووە.

ئەو باسی لەوە کرد، تۆمەتباری کوشتنەکە خەڵکی پیرەمەگروونە، دراوسێ و ناسراوی ماڵی کوژراوەکانە، دوای هێرشەکە هەڵهاتووە، ئێستا بەشوێنیەوەن دەستگیری بکەن.

964 دەزانێت، تەرمەکان بەرەو پزیشکی دادی سلێمانی بەڕێخراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.