سێ لیوای دیکە خرانەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

964+

فەهمی نەبی

حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە، سێ لیوای یەکەکانی 70 بخاتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی هەنگاوەکانی پڕۆژە یاسای چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پیشمەرگەیە، ئەمەش بەوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی هەرێم بڕیاریدا هەریەکە لە لیواکانی 26,28,30 بخاتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیارەکە لە رۆژی 8.8.2023 دەخرێتە بواری جێبەجێکردن.

لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە بە 964ی وت، ئەمڕۆ بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردن، هەر سێ لیواکە لە یەکەی 70 بوون، گواسترانەوە بۆ سەر (ئوبرەی فرقەی دووی پیادە).
لیوا عوسمان محەمەد ئەوەشی وت، ئەوانە لیوای ئامادەکراون لەچوارچێوەی لیوا هاوبەشەکانن، ئەمە دەرخەری ئەوەیە پلانی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک خۆی بەڕێوە دەچێت.

هەردوو فەرماندەی هێزەکانی یەکەی 70 و 80 لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، حکومەتی هەرێم دەیەوێت لەچوارچێوەی پڕۆژە یاسای یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تا ساڵی 2026 ئەو دوو هێزە یەکبخاتەوە.